جام کوردی ـــ کردنەوەی ناوەندی ژمارەدانانی ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین و دەستپێکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و دەرکردنی تابلۆی تایبەتی "88"، ڕەنگە لە یەکەم نیگادا وەک ڕێکارێکی جێبەجێکردن و کارگێڕی دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەتوانێ نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ناوچەی ئازادی قەسر شیرین دەچێتە قۆناغێکی نوێی ژیانی ئابوورییەوە؛ قۆناغێک کە ئەگەر پلانی وردی لەگەڵدا بێت، دەتوانێت پێگەی کرماشان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەسرشیرین تەنیا ناوچەیەکی ئازادی سنووری نییە. ئەم ناوچەیە دەکەوێتە تەنیشت دوو دەروازەی گرنگی خوسرەوی و پەرویزخان، کە ساڵانێکە لە ڕێگەی ئەوانەوە بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی نانەوتی ئێران بۆ عێراق ئەنجام دەدرێت. ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە وایکردووە قەسرشیرین ببێتە یەکێک لەو ناوچە ئازادە دەگمەنانەی وڵات، کە بازاڕی ئامانجەکەی نەک توانایەکی دەرنەکەوتوو، بەڵکو بازاڕێکی ڕاستەقینە و گەورە و لەبەردەستدایە و زیاتر لە 40 ملیۆن بەکارهێنەری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەێە.

پێویستە ناوچەی ئازاد لە دەرەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ببینرێت

دەستپێکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئەگەری هاتووچۆی ئۆتۆمبیلی تابلۆی ناوچەی ئازاد لە سەرانسەری کرماشان و تەنانەت ئەگەری فراوانبوونی بۆ پارێزگاکانی دراوسێش بێ گومان سوودێکی ئابوورییە؛ بەڵام سەرکەوتنی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین نابێت تەنها بە ژمارەی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان بپێورێت.

ئەزمونی زۆرێک لە ناوچە ئازادەکانی وڵات دەریخستووە کە هەرکاتێک ئەو ناوچانە بوونەتە ناوەندی هاوردەکردنی کاڵا، کاریگەری گەشەپێدانیان سنووردار و کورتخایەن بووە. لە بەرامبەردا ناوچە ئازادگەلێک سەرکەوتوو بوون کە توانیویانە ببنە بنکەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، لۆجستی و وەبەرهێنانی هاوبەش.

هەروەها پێویستە قەسر شیرین سەرنجی لەسەر ڕۆڵی هەناردەکردن و بازرگانی خۆی بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی؛ ڕۆڵێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئابووری عێراقەوە هەیە.

عێراق؛ گەورەترین دەرفەتی ئابووری ڕۆژئاوای ئێران

عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گرنگترین شوێنەکانی هەناردەکردنی ئێران. زۆرێک لە کەلوپەلی ئێرانی لە کەرەستەی بیناسازی و بەرهەمی کشتوکاڵییەوە تا دەگاتە خۆراک و کەرەستەی ناوماڵ و خزمەتگوزاری ئەندازیاری لە بازاڕی عێراقدا ئامادەن.

سوودی کرماشان بە بەراورد بە زۆرێک لە پارێزگاکانی دیکە زۆرە لەوانە؛ نزیکیی جوگرافی، لێکچوونی کولتووری، نەتەوەیی و زمانەوانی لەگەڵ بەشێک لە عێراق و دەستڕاگەیشتن بە دوو سنووری بازرگانی چالاکە.

ناوچەی ئازادی قەسرشیرین دەتوانێت ئەم سوودانە بکاتە سوودێکی کێبڕکێی بەردەوام، بە مەرجێک ببێتە پەیوەندییەک لە نێوان بەرهەمهێنەرانی ئێران و بازاڕی عێراقدا.

دەرفەتە لە پێشەکانی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین

یەکەم دەرفەت بریتییە لە دامەزراندنی سەنتەری پرۆسێسکردن و پاکەتکردن و هەناردەکردنی کاڵای کشتوکاڵی. بەرهەمگەلێک وەک نۆکی کرماشان، زەعفەران، بەرهەمی باخداری، و بەرهەمە خۆراکییەکان دەتوانن لە ڕێگەی ناوچەی ئازادەوە بە بەهای زیادکراوی زیاترەوە بچنە بازاڕی عێراقەوە.

دەرفەتی دووەم بریتییە لە پەرەپێدانی پیشەی لۆجستی و گواستنەوەیە. قەسرشیرین دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی ترانزێت بۆ ڕۆژئاوای وڵات؛ شوێنێک کە جگە لە هەناردەکردن بۆ عێراق، ئەگەری پەیوەندیکردن بە بازاڕەکانی سوریا و تەنانەت وڵاتانی عەرەبیشەوە دابین دەکات.

دەرفەتی سێیەم ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی عێراقییە. زۆرێک لە بازرگانان و چالاکانی ئابووری عێراقی مەیلیان بۆ وەبەرهێنان لە نزیک سنوورەکاندا هەیە. ناوچەی ئازاد دەتوانێت ئەم سەروەت و سامانە ئاراستەی یەکەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بکات بە پێشکەشکردنی هاندانێکی گونجاو.

ئەو تەحەددایانەی کە نابێت پشتگوێ بخرێن

سەرەڕای توانا بەرفراوانەکانی، ناوچەی ئازادی قەسرشیرین  ڕووبەڕووی هەندێک تەحەددا دەبێتەوە.

یەکێک لە گرنگترین تەحەدداکان مەترسی ئەوەیە کە ناوچەی ئازاد ببێتە بازاڕی هاوردەکردن. ئەگەر پشکی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە چالاکییەکانی ناوچەکەدا زیاد نەکات، سوودە ئابوورییەکانی بۆ خەڵکی پارێزگاکە سنووردار دەبێت!

تەحەدایەکی تر لاوازی ژێرخانی لۆجستی و پیشەسازییە. زۆرێک لە وەبەرهێنەران هێشتا گلەیی لە نەبوونی هەندێک خزمەتگوزاری پشتیوانی، کۆگا مۆدێرنەکان، پیشەی پرۆسێسکردن و دامەزراوەی گواستنەوە دەکەن.

هەروەها گیرۆدەیی بەهێزی بازرگانی ناوچەکە بە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری عێراق مەترسییەکی دیکەیە. هەر گۆڕانکارییەک لە یاساکانی هاوردەکردنی عێراق یان گرژییە سیاسییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر قەبارەی بازرگانی هەبێت.

پێویستە چی بکرێت؟

بۆ دوورکەوتنەوە لەم تەحەددایانە و کەڵکوەرگرتن لە زۆرترین توانای ناوچەی ئازادی قەسرشیرین، پێدەچێت چەند ڕێکارێک لەبەرچاو بگیردرێت، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە:

1- دامەزراندنی شارۆچکەی پیشەسازی و پرۆسێسکردنی هەناردەتەوەر لەناو ناوچەی ئازاددا.

2- دامەزراندنی ناوەندی هەمیشەیی پێشانگە و بەبازاڕکردن بەرهەمە ئێرانییەکان بۆ بازرگانانی عێراقی.

3- ئاسانکاری بۆ ئامادەبوونی وەبەرهێنەر و کۆمپانیا عێراقییەکان لە ناوچەکەدا.

4- پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، کۆگا، و لۆجستی.

5- بەهێزکردنی خزمەتگوزاری بانکی، بیمە و گومرگی گونجاو لەگەڵ بازرگانی نێودەوڵەتی.

6- دروستکردنی براندێکی هاوبەشی هەناردەکردن بۆ بەرهەمە سەرەکییەکانی کرماشان لە بازاڕی عێراقدا.

7- بەستنەوەی توانای ناوچەی ئازاد بە گەشتوگوزاری تەندروستی و هاتووچۆی زیارەتکاران لە ڕێگەی مەرزی خوسرەوییەوە.

ناوچەی ئازادی قەسرشیرین دەتوانێت ببێتە گرنگترین پردی ئابووری نێوان ئێران و عێراق لە ڕۆژئاوای وڵاتدا؛ پردێک کە جگە لە زیادکردنی هەناردەکردن و ڕاکێشانی وەبەرهێنان، هەلی کاری بەردەوام و ئاوەدانی ئابووری بۆ کرماشان دابین دەکات. بەڵام گەیشتن بەم ئامانجە پێویستی بەوەیە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ناوچەکە ڕوانگەیان بگۆڕن و بەس بیر لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و سوودە کورتخایەنەکانی نەکەنەوە.

سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ناوچەی ئازاد کاتێک بەدی دێت کە قەسرشیرین ببێتە ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنان، بازرگانی هەناردەکردن و هاوکاری هاوبەشی ئابووری لەگەڵ عێراق؛ پێگەیەک کە بە لەبەرچاوگرتنی توانا جوگرافی و سنوورییەکانی ناوچەکە، پێدەچێت زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەدەستبهێنرێت.