بەپێی بەڵگەنامەکان، بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها شۆککەرن، بەڵکو ئاماژەن بۆ گەورەترین پاشەکشەی سیاسیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە چەند دەیەی ڕابردوودا.
پەیامنێری «جام کوردی» بۆ تاوتێکردن و شیکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم بەڵگەنامە دزەپێکراوانە، گفتوگۆیەکی لەگەڵ شێرکۆ سەعید، شیکەرەوەی سیاسی ئەنجامدا، کە تێیدا وردەکاریی تێچووی دارایی جەنگەکە، چارەنووسی لوبنان، و تووڕەیی تۆکمەی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد.
شێرکۆ سەعید لە سەرەتای شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە، ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان پابەند دەبن بە ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لەگەڵ بەڵێنی دوولایەنە بە ئەنجامنەدانی هیچ کارێکی دوژمنکارانە یان "هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز".
شێرکۆ سەعید دەڵێت:
«واتە بە کورت و پوختی؛ جەنگەکە بە کۆتا هات. هەردوولا دەچنە ناو ماوەیەکی دانوستانەوە بۆ (٦٠) ڕۆژ بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی ئاشتی کە دواتر لە ئەنجومەنی ئاسایش جێگیر دەکرێت. لادانی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران کە تڕەمپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجامیدا و ئازادبوونی کەشتییە ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز، یەکەمین نیشانەی عەمەلیی ئەم ڕێککەوتنەیە.»
بەپێی بەڵگەنامەکە، ئەمریکا بەڵێنی داوە لە ماوەی (٣٠) ڕۆژدا تەواوی هێزەکانی بکشێنێتەوە، هەموو سزاکان لادەکات و ڕێگە دەدات هەناردەی نەوتی ئێران و کەرتی بانکی و وزە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم داراییە سڕکراوەکانی تاران.
ئەم شیکەرەوە سیاسییە سەرنجی بۆ سوپرایزێکی گەورەی ناو ڕێککەوتنەکە ڕاکێشا، ئەویش هێشتنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێستای ئێرانە بە شێوەیەکی کاتی، لە کاتێکدا بڕیاردان لەسەر چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ قۆناغی کۆتایی دواخراوە.
شێرکۆ سەعید بە توندی ڕەخنە لە ئیدارەی تڕەمپ دەگرێت و دەڵێت:
«ئەو هۆکارەی جەنگەکەی لەسەر هەڵگیرسا، لە ناو ئەم ڕێککەوتنەدا جێگەی بۆ نەکراوەتەوە!
ئەی تڕەمپ لە پێناو چییدا جەنگای؟
تەنها بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە پێش جەنگیش کراوە بوو؟
بە هەموو پێوەرێک ئەمە شانۆگەریی و فەزیحەیە.»
شۆکێکی تری نێو بەڵگەنامەکە، تەرخانکردنی (٣٠٠) ملیار دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران. سەعید ئاماژەی بە لێدوانەکەی "جەی دی ڤانس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد کە ڕایگەیاندبوو واشنتۆن یەک سەنت لە خەزێنەکەی خۆی نادات، بەڵکو داوا لە وڵاتانی تری کەنداوی عەرەبی دەکات کە ئەم پارەیە لە چوارچێوەی وەبەرهێنان و گەشەپێداندا دابین بکەن؛ "واتە بە سادەیی، وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی شیک تێچووی هەموو چیرۆکەکە دەدەن."
سەعید پێیوایە ئەگەر بە چاوێکی بێلایەن سەیری بابەتەکە بکرێت، ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی گەورەیە بۆ ئێران؛ چونکە توانی لە بەرامبەر هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا خۆبگرێت، گەمارۆکان بشکێنێت و ئابوورییەکەی ڕزگار بکات بێ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت. هەر ئەمەشە هۆکاری تووڕەیی و شڵەژانی توندی تەلئەبیب.
ئەم شیکەرەوەیە تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل و ڕایگەیاند:
ئیدارەی تڕەمپ پێشوەختە نەتانیاهۆی لە وردەکارییەکانی یاداشتنامەکە ئاگادار نەکردووەتەوە، ئەمەش نەتانیاهۆی خستووەتە باری نائاساییەوە.
یائیر لابید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە کە "نەتانیاهۆ جەنگی لە بەرامبەر ئێراندا دۆڕاند".
سەبارەت بە نەبوونی ناوی لوبنان لە بەندە دزەپێکراوەکانی بلومبێرگدا، شێرکۆ سەعید خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ جام کوردی خستە ڕوو و وتی:
«بڕیار بوو ئەم ڕێککەوتنە کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام نەتانیاهۆ دژی ئەمەیە. ئەمە تەنها یەک مانای هەیە: ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی ئیمزا دەکەن، و ئەگەر ئیسرائیل لە لوبنان نەکشێتەوە، جەنگ دەست پێدەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی (میحوەرى بەرگریی) دژی ئیسرائیل، بەبێ دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا.»
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، شێرکۆ سەعید تیشکی خستە سەر ئەو ناکۆکییە توندەی کە لە ناو ئیدارەی واشنتۆندا دروستبووە. ڕۆژنامەکانی وەک وۆڵ ستریت جۆرناڵ و نیویۆرک تایمز جەختیان کردووەتەوە کە مارکۆ ڕووبیۆ (وەزیری دەرەوە) و پیت هیگسێت (وەزیری جەنگ) دژایەتیی توندی خۆیان ڕاگەیاندووە، و دەزگای CIA پێیوایە ئێران لەسەر مەودای درێژ پابەند نابێت.
تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم"، تڕەمپ هۆشداری توندی داوە کە هەر کەسێک دژی ڕێککەوتنەکە بێت (لەوانەش وەزیری جەنگ و بەڕێوەبەری CIA) لە پۆستەکانیان دەردەکرێن، هەرچەندە کۆشکی سپی بە فەرمی بۆ شاردنەوەی ئەم فەزیحە سیاسییە، دەنگۆکانی ڕەتکردووەتەوە.