جام کوردی - وتەبێژی تیمی دانوستانکاری ئێران لە سویسرا بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی قەتەر و پاکستان، جەختی کرد کە ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر بە پێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ١٨ی جۆزەردان و پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پێشمەرجەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی کۆتایی ڕێککەوتن.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی تیمی دانوستانکاری ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا لە سویسرا وتی: "ئەمڕۆ بڕیارە کۆبوونەوەیەکی یەک ڕۆژەمان هەبێت. پلانەکە ئەوەیە کە بەیانی لەگەڵ شاندی پاکستان و قەتەر وەک ناوبژیوانی ئەم پرۆسەیە کۆبوونەوەی دوو قۆڵیمان هەبێت و پاشنیوەڕۆش کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لە نێوان شاندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی قەتەر و پاکستان ئەنجام بدرێت".