جام کوردی - جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تاران و ئەگەر پێویست بکات ئامادەیە هاوکاریی کردەیی پێشکەش بکات بۆ پێشخستنی ڕێککەوتنی ئەگەریی ئێران و ئەمریکا.
سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی زانستی و پیشەیی خوێندنەوەی پریماکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕووسیا ئامادەیە یارمەتی ئێران بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بە ڕێوشوێنی کردەیی تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تاس، سێرگی لاڤرۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: هیوای سەرکەوتن بۆ هاوبەشە ئێرانییەکانمان دەخوازین لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و وەک ڕابردووش ئامادەین بە باشترین شێوە بەشداری لەم کارەدا بکەین، لەوانەش بە پێشکەشکردنی هەندێک هاوکاری کردەیی ئەگەر پێویست بکات.
ڕیابکۆڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە مۆسکۆ لەسەر هەموو پرسەکان وتووێژی نهێنی لەگەڵ تاران ئەنجام دەدات، وتی: ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ ئێرانییەکان و زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین هیچ کام لە دەستکەوتەکانمان وەک سوپرایز بۆ ئێمە نەبووە. ئێمە لەسەر هەموو بابەتەکان لەگەڵیان لە گفتوگۆداین و بەردەوامیش دەبین. لەم نێوەندەدا، ئەو پێشنیازە تایبەتانەی کە باسمان کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی بەشێکی گرنگی ئەم ئەرکە گشتییە بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەر مێزەکە دەمێنێتەوە.