جام کوردی - مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ (چوارشەممە) ئیدیعای کرد کە گروپی تەکنیکی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان لە کوێت ئیدیعای کرد: “پێموایە گروپی تەکنیکی لە ٢٩ یان ٣٠ی ئەم مانگەدا جارێکی تر کۆدەبنەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هەڵە نەبم، پێموایە جارێکی دیکە دەچنە سویسرا، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا گروپی تەکنیکی لە دەوروبەری ٣٠ی ئەم مانگەدا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٣ تا ٢٥ی حوزەیران گەشتێکی سێ ڕۆژە بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوەیت و بەحرەین هەبوو، تەرکیزی گەشتەکە لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئێرانە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕوبیۆ لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاری کەنداویش لە بەحرەین کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەولەویەتەکانی هاوبەشی ناوچەیی دەکات.
سەبارەت بە ئاستی دانوستاندنە تەکنیکیەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گفتوگۆیانە لەسەر ئاستی پسپۆڕانە بەڕێوەدەچن.
ڕوبیۆ ڕایگەیاند: لە ئاستی تەکنیکیدا خەڵکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم دانوستانانەدا ئامادە دەبن، هەروەها نوێنەرانی وەزارەتی وزە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەش، مەبەست لە ئاستی تەکنیکیش هەر ئەمەیە.