دوای ئەوەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بە لێدانی سزا بەرامبەر مەغریب دۆڕا و لە مۆندیالی ٢٠٢٦ دوورکەوتەوە، ڕۆناڵد کومان ڕاهێنەری هۆڵەندی سەرەڕای شەپۆلێکی ڕەخنە، بە توندی بەرگری لە بڕیارە تەکنیکییەکانی کرد و وتی: ئەگەر بتوانێت کات بگەڕێنێتەوە دواوە، ئەوا هەر بە هەمان سیستەم تیپەکەی دەنێرێتە نێو یاریگا.
کۆمان کە سیستەمی بەرگری پێنج کەسی بۆ ئەم یارییە بەکارهێنا، بە پێچەوانەی شێوازی تەقلیدی تۆپی پێی هۆڵەندا، ڕایگەیاند: ئەم بڕیارە لە ترسەوە نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای شیکارییەکی وردی خاڵە بەهێزەکانی مەغریب بووە. بەم شێوازە بەرگرییە، هەلی کەمترمان بە یاریزانی بەرامبەرمان بەخشی بە بەراورد بە یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان. ئەمەش بەشێکی ئەرێنی بوو لە کارەکەدا، بەڵام لە بەرامبەردا هێزی هێرشبەری ئێمەش کەم بووەوە.
لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە دەڵێن ئەم سیستەمە پێچەوانەی فەلسەفەی تۆپی پێی هێرشبەری وڵاتەکەیە، ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە ڕایگەیاند: ئەگەر سەرکەوتنمان بوایە هەمووان ستایشی ئەم تاکتیکەیان دەکرد. ئەنجامەکە ئێستا وایکردووە هەمووان پرسیاری لێبکەن.
کۆمان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەموو یاریزانەکان پشتگیری پلانی تاکتیکی دەکەن و بڕیارەکەی بە تەواوی لەسەر بنەمای شیکاری تەکنیکی مەغریب بووە نەک کۆنەپەرستی یان ترس لە هەڵبژاردەی بەرامبەر.
هەروەها لەبارەی داهاتووی خۆیەوە باسی لەوە کرد کە هێشتا بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی نەداوە و دوای پێداچوونەوە بە ئاستی تیپەکە لە مۆندیالدا بڕیار لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەدات.