بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بوونی ٥٧ خانمە بۆکسێنەر لە کرماشاندا، لە پارێزگایەک کە یەکێک بوو لە یەکەمین پارێزگاکانی وڵات کە بۆکسێنی ئافرەتانی دەستپێکرد، تەنیا ئامارێک نییە؛ ئەم ژمارەیە، ئاماژەیە بۆ پێکهاتنی نەوەیەک کە دەتوانێت داهاتووی ئەم لقە لە وەرزشە بگۆڕێت، ئەگەر ببینرێت و ئەگەر پشتگیری بکرێت.

ناردنی بۆکسێنەرێک لە کرماشانەوە بۆ پێشبڕکێکانی جیهانی، تەنانەت بەبێ بەدەستهێنانی میدالیا، نابێت بەس لە شێوەی کورتە هەواڵێکدا بگێڕدرێتەوە.

وەرزشە تازەپێگەیشتوەکان بەزۆری لە شەوێکدا پاڵەوانەکانیان دروست ناکەن. سەرەتا دەبێت دەرفەتی دەرکەوتن لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا دابین بکرێت، ئەزموون پێکبهێنرێت، پاشان مەدالیاش دەگات.

ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە بوونی کچانی کرماشانە لەسەر ئاستی جیهانی؛ ئامادەبوونێک کە بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ڕێزلێنانی گەورەتر لە ساڵانی داهاتوودا.

بەڵام ئەم ڕێگایە تەنیا بە پاڵنەری وەرزشوانان ناتوانێت بەردەوام بێت. بۆکسێنی خانمان هێشتا ڕووبەڕووی کەمی ئاسانکاری و سنوورداربوونی شوێنی ڕاهێنان و کەمی پاڵپشتی دارایی و کەمی ڕووماڵکردنی میدیایی بووەتەوە.

ئەگەر بڕیار بێت ئەم وەرزشە بگاتە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی، دەبێت هەمان ئەندازە کە بۆ سەرکەوتنی پیاوان پلان دادەڕێژرێت، بۆ کچانیش وەبەرهێنان بکرێت؛ لە دروستکردنی هۆڵی وەرزشی تایبەتەوە تا ڕاکێشانی سپۆنسەر و پشتگیریکردنی ئامادەبوونی بەردەوام لە کەمپ و پێشبڕکێکان.

کرماشان ساڵانێکە یەکێک لە ناوەندەکانی بۆکسێنی ئێرانە. ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت ئەم پێگەیە تەنها لە بۆکسێنی پیاواندا سنووردار نەبێت.

خانمە بۆکسێنەرەکانی ئەمڕۆی کرماشان تەنیا بەدوای مەدالیادا ناگەڕێن؛ ئەوان خەریکی شکاندنی بیرۆکە کۆنە چەقبەستووەکانن، متمانە بەخۆبوون دروست دەکەن و ڕووخسارێکی نوێ بە وەرزشی پارێزگاکە دەناسێنن.

ئەگەر ئەم ڕێبازە بە باشی بەڕێوەبچێت، لە چەند ساڵێکی تردا کرماشان نەک هەر وەک لانکەی بۆکسێن، بەڵکو وەک یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی بۆکسێنی ژنانی ئێران نێوی لێ دەبرێت.

تایبەت بە جام کوردی