ڕاپۆرتە ئامارییەکان کە لە قۆناغەکانی مۆندیالەوە بڵاوکراونەتەوە، نیشان دەدەن کە پێشوازیی بینەران لە یارییەکانی ئێران بەراورد بە دوو قۆناغی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە ماوەی مۆندیالی ٢٠١٨دا تێکڕای ئامادەبوونی بینەرانی هەریەک لە یارییەکانی ئێران ٤٢ هەزار و ٦٣٧ کەس بووە. ئەم ژمارەیە لە مۆندیالی ٢٠٢٢دا کەمێک زیادی کرد و گەیشتە ٤٣ هەزار و ٤٩٨ کەس.
بەڵام ئامارەکانی پەیوەست بە مۆندیالی ٢٠٢٦ ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر نیشان دەدەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تێکڕای ئامادەبوونی هاندەران لە هەر یارییەکی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێران لەم ماوەیەدا بۆ ٧٠ هەزار و ٢٤٧ کەس زیادی کردووە.
ئاماری ئامادەبووانی یارییەکانی ئێران لە سێ جامی جیهانیدا بەم شێوەیەن:
مۆندیالی ٢٠١٨ی ڕووسیا: یاری ئێران بەرامبەر مەغریب ٦٢ هەزار و ٥٤٨ کەس بەشدارییان کرد.
ژمارەی بینەرانی ئامادەبووی دووهەمین یاریی ئێران بەرامبەر ئیسپانیا 42 هەزار و 718 کەس بووە و لە سێیەمین یاریی بەرامبەر پورتوگالدا 41 هەزار و 685 کەس لە نزیکەوە شاهیدی یارییەکە بوون.
لە مۆندیالی ٢٠٢٢دا ئامارەکان دەریدەخەن کە ٤٥ هەزار بینەر بەشداریی یەکەمین یاری نێوان ئێران و ئینگلتەرایان کردووە. ئەم ژمارەیە لە یارییەکەی بەرامبەر وێڵزدا بۆ ٤٠ هەزار و ١٨٥ کەس دابەزی و لە یاری کۆتاییدا بەرامبەر ئەمریکا ٤٤ هەزار و ٩٧٤ کەس لە یاریگاکەدا ئامادەبوون.
بەڵام پێشوازیکردن بۆ بینینی مۆندیالی ٢٠٢٦ فراوانتر بوو؛ لە یەکەم یاری ئێران بەرامبەر نیوزلەندا ٧٠ هەزار و ١٠٨ کەس بەشدارییان کرد. ئەم ژمارەیە لە یارییەکەی بەرامبەر بەلجیکا گەیشتە ٧٠ هەزار و ٣١٧ کەس و ژمارەیەکی هاوشێوەی هەمان بینەران لە یاری کۆتایی ئێران بەرامبەر بە میسردا ئامادەبوون.