جام کوردی - محەممەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی بەرەبەیانی نەزمێکی جیهانی نوێ کە ڕۆژی یەکشەممە 14ی ئابی 1405 لە مۆزەخانەی بەرگریی پیرۆز لە تاران بەڕێوەچوو، داوای لە حوجەتولئیسلام وەلموسلیمین موحسینی ئیژەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، کرد لەسەر بنەمای لێبوردەیی ئیسلامی و ڕۆحیەتی لێبوردەیی دەسەڵات و هێزی کۆماری ئیسلامی، فەرمانی لێخۆشبوون و ئازادکردن بۆ زیندانیان دەربکات.
محەممەدی حاجی مەحمود کە کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی کوردستان و تێکۆشەرێکی دێرینە لە دژی ڕژێمی بەعسی عێراق، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی تێکۆشەرانی کورد لەگەڵ سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند، نوێنەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد پێش سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی لەگەڵ ئیمام خومەینی (ر.ع) لە فەرەنسا دیداریان کردبوو و پشتیوانی و هاوپشتی خۆیان بۆ ئینقلاب و بزاڤی ئیسلامی ڕاگەیاندبوو.
ناوبراو شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بە ڕووداوێکی مێژوویی وەسف کرد کە بزووتنەوەکانی ئازادیخواز و ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهاندا زیندوو کردەوە و وتی: ئەم شۆڕشە کاریگەریی قوڵی لەسەر بزووتنەوە ئازادیخوازەکان لە عێراق، سوریا، یەمەن، بۆسنە و بەتایبەتی خەباتەکانی کوردانی عێراق لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام هەبووە و نەفەسێکی نوێ بەوان دا.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانهەروەها ڕایگەیاند: ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕووی نەدابا، تاوانەکانی وەک جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دژی کوردانی عێراق لە بێدەنگی و فەرامۆشی دەمانەوە و دەنگی گەلی ستەملێکراوی کورد نەدەگەیشتە گوێی جیهان.
محەممەد حاجی مەحمود بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕە سەپێندراوەکان لەوان شەڕی ١٢ ڕۆژە و شەڕی ڕەمەزان، داوای لە سەرۆکی دەسەڵاتی قەزایی ئێران کرد بە دیدگایەک لەسەر بنەمای لێبوردەیی ئیسلامی و لە سایەی هێز و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا فەرمانی لێخۆشبوون و ئازادکردنی زیندانیان دەربکات، بۆ ئەوەی ئەم کارە ببێتە هۆی بەهێزکردنی تەبایی و یەکگرتوویی نەتەوەیی و زیادکردنی هێزی کۆماری ئیسلامی ئێران.