بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرهەنگ فەرزاد ئازادی ڕایگەیاند: لە سەرەتای مانگی ئابەوە پۆلیسی کۆچ و پاسپۆرتی پارێزگاکان، جگە لە دەوامی ئیداری، هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ٤:٣٠ی پاشنیوەڕۆ تا ٦:٣٠ی ئێوارە چالاک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خوازیاران.
ناوبراو وتی؛ پاسپۆرتی زیارەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ کارا دەبێت و ئاماژەی بەوەشکرد: تەنها جیاوازی نێوان پاسپۆرتی زیارەت و پاسپۆرتی ئاسایی ئەوەیە کە بەکارهێنانی سنووردارە بۆ گەشتکردن بۆ عێراق.
بەرپرسی پۆلیسی کۆچ و پاسپۆرتی پارێزگای کرماشان هەروەها سەبارەت بە شێوازی تۆمارکردنی داواکاری وتی: داواکارانی پاسپۆرتی ئاسایی دەبێ سەردانی فەرمانگەکانی پۆلیسی +10 بکەن، بەڵام داواکردنی پاسپۆرتی زیارەتیش جگە لە نووسینگەکان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "پۆلیسی من" و کافینێتەکانەوە ئەنجام دەبێت.
ئازادی هەروەها ئەو بەڵگەنامانەی ڕاگەیاند کە پێویستن بۆ دەرکردنی پاسپۆرت بۆ پیاوان کە بریتین لە کارتی کۆتایی خزمەتی سەربازی، ناسنامە، کارتی نیشتیمانی و وێنەیەک، هەروەها بۆ ئافرەتان بریتییە لە، کارتی ناسنامە، کارتی نیشتمانی، وێنە و ئەگەر هاوسەرگیری کردبێت، ڕەزامەندی نووسراوی هاوسەرەکەی.