بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میر حسێن ڕەحیمی، بە ئاماژە بە وەستانی چالاکیی بازاڕی سنووری تێلەکۆ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دوای بوومەلەرزەکەی سەرپول زەهاب، ڕایگەیاند: لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەدواداچوونەکانی قایمەقامیەت و پارێزگار و نوێنەری شار لە پەرلەمانی ئێران، پرۆسەی کردنەوەی ئەم بازاڕەیان گەیاندۆتە قۆناغی کۆتایی.

ژێرخانەکان ئامادەیە

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ژێرخانەکانی ئاو، کارەبا، پەیوەندی، گومرگ، کۆگا، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و بینای فەرمانگەکان تەواو بووە و لەگەڵ گواستنەوەی کۆدی گومرگی لە سنووری پەرویزخانەوە، تیلەکۆ ئامادە دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان.

خۆشگوزەرانی ئابووری و دامەزراندنی دانیشتوانی سەر سنوور

قایمەقامی سەرپول زەهاب، تیلەکۆی بە تەختترین بازاڕی سنووری پارێزگاکە لەدوای پەرویزخان زانی و گوتی: کاراکردنەوەی ئەم سنوورە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە خۆشگوزەرانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لە ناوچەکەدا.

ڕەحیمی هەروەها ڕایگەیاند: نزیکەی 12 هەزار و 400 بنەماڵە، کە یەکسانە بە نزیکەی 50 هەزار کەس لە خەڵکی شاری سەر پول زەهاب، سوودمەندن لە سوودەکانی یاسای بازرگانی سنووری (کۆڵبەری)، هەروەها بەدواداچوون بۆ زیادکردنی پشکی ماڵە شایستەکانیش لە بەرنامەی کاردایە.

میر حسێن ڕەحیمی زیادیشی کرد: ئەو بڕە پارەیەی کە هەر ماڵێک لە ناوچەی بازرگانی سنوورییەوە وەریدەگرێت، کە تا ساڵی ڕابردوو نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار تمەن بووە، ئێستا زیادیکردووە بۆ نزیکەی 5 ملیۆن و 700 هەزار تمەن لە مانگێکدا.