دوایین ڕاپۆرتی مانگانەی ئۆپێک بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان، دەریخستووە، بەرهەمهێنانی نەوتی گروپەکە لە مانگی ژوئەن زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە و گەیشتووەتە 22.002 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە نێو ئەندامانی ئەم گرووپە، سعودیە بە بەرهەمهێنانی 6 ملیۆن و 847 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ئێران بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن و 441 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک بوون لە ماوەی مانگی ڕابردوودا. لەسەر بنەمای مانگانە بەرهەمی سعودیە 99 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە و بەرهەمی ئێرانیش 155 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە.

لە مانگی ژوئەنی ئەمساڵدا بەرهەمی هاوبەشەکانی ئۆپێک لە گروپی ئۆپێک+ بە ڕێژەی 51 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە و گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 276 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە ئۆپێک+ لە مانگی ڕابردوودا گەیشتە 36 ملیۆن و 278 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە مانگانە دوو ملیۆن و 999 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە.

نرخی نەوتی قورسی ئێران بۆ سەرووی 90 دۆلار بەرزبووەوە

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ئۆپێک کە ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، نرخی نەوتی قورسی ئێران هاوتەریب لەگەڵ پلەکانی تری نەوت کە سەبەتەی نەوتی ئۆپێک پێکدەهێنن لە ماوەی مانگی ژوئەن دابەزیوە. نرخی نەوتی قورسی ئێران لە مانگی ژوئەن گەیشتە 90 دۆلار و 77 سەنت، کە بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو 24 دۆلار و 62 سەنت دابەزیوە و تێکڕای نەوتی ئێران لە سەرەتای ساڵی 2026 تا مانگی نیسان 94 دۆلار و 24 سەنت بووە، لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا 72 دۆلار و 27 سەنت بووە.

بەهای سەبەتەی نەوتی ئۆپێک لە مانگی ژوئەنی ڕابردوودا گەیشتە 89 دۆلار و 75 سەنت، بە بەراورد بە مانگی ئایار بە 24 دۆلار و 80 سەنت. تێکڕای سەبەتەی نەوتی ئۆپێک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ تا مانگی ژوئەن ٩٣ دۆلار و ٦٧ سەنت بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا ٧٢ دۆلار و ٤ سەنت بووە.

لەنێو پلەکانی دیکەی سەبەتەکەدا، نەوتی خاوی بەسرە میدیۆم لە مانگی ژوئەن زۆرترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و 35.12 دۆلار دابەزیوە و گەیشتووەتە 85.10 دۆلار. هەروەها نەوتی خاوی هەناردەکردنی کوێت بە ٢٦ دۆلار و ٣٧ سەنت دابەزیوە و گەیشتووەتە ٩٢ دۆلار و ٢٨ سەنت.

دابەزینی بەرچاوی نرخەکان لە مانگی ژوئەن دوای ڕاگەیاندنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا و چاوەڕوانییەکان بۆ باشتربوونی دابینکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکردنەوەی خێرای ڕۆیشتنی نەوتی ناوچەکە هات.

لەماوەی ئەم مانگەدا بەرهەمهێنانی نەوتی ئیمارات بەڕێژەی لەسەدا ٨٠ زیادی کردووە

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە ئۆپێک-ی ڕاگەیاندووە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان بە ڕێژەی 80% زیادیکردووە و لە مانگی ژوئەنی ڕابردوودا ڕۆژانە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمهێناوە، ئەمەش بەراورد بە مانگی ئایار ڕۆژانە یەک ملیۆن و 71 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.

ئامارەکانی مانگی ژوئەنی ئەمساڵ پێش پەرەسەندنی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و تۆڵەسەندنەوەی ئێران بوو کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕۆیشتنی نەوت لە کەنداوی فارسەوە هەبێت، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هەفتەی ڕابردووی مەزەندەی کردبوو کە بەرهەمی نەوتی خاوی ئیمارات لە مانگی ژوئەن بە ڕێژەی ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤.١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

سکرتاریەتی ئۆپێک کە بنکەکەی لە ڤیەنایە بەردەوامە لە خستنەڕووی وڵاتەکە لە کۆی بەرهەمی گروپەکەدا، تەنانەت دوای ئەوەی ئیمارات لە یەکەمی ئایاردا کشانەوەی لە ئۆپێک ڕاگەیاند، سەرەڕای کشانەوەی ئۆپێک، لە یاساکانی ئۆپێکدا هاتووە کە کشانەوەی ئەندامێک بە فەرمی لە سەرەتای ساڵی ڕۆژمێری داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی هێشتا خەمڵاندنەکانی بەرهەمی ئیمارات بڵاودەکاتەوە و وەردەگرێت.

ئۆپێک دوو ئاماری بەرهەمهێنان بڵاودەکاتەوە: یەکێکیان ڕاستەوخۆ لەلایەن وڵاتانەوە دابینکراوە و یەکێکی دیکەیان لەسەر بنەمای تێکڕای بۆچوونەکانی ڕاوێژکارانی دەرەوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بە "سەرچاوەی لاوەکی" ناسراون. سەرچاوە لاوەکییەکانی ئۆپێک، بەرهەمی ئیمارات لە مانگی ژوئەنی ڕابردوودا 3.8 ملیۆن بەرمیلیان ڕاگەیاند.

ئۆپێک پێشبینییەکانی گەشەی خواستی جیهانی نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پێداچوونەوەی بۆ دەکات

ئۆپێک ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا خواست لەسەر نەوتی جیهان بە ڕێژەی 800 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادبکات بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

لە ڕاپۆرتەکەی مانگی ژوئەنی ئەمساڵدا، گروپەکە پێشبینی گەشەی خواستی جیهانی نەوتی لە ساڵی ٢٠٢٦دا کردبوو کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە بەراورد بە ساڵێکی پێشووتر لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن بەرمیل بێت. لە ساڵی ٢٠٢٧دا، خواست لەسەر نەوتی جیهانی بە بەراورد بە ساڵی پێشوو نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، ئەمەش پێداچوونەوەیەکی بەرەو سەرەوەیە بە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە چاو پێشبینییەکانی ئۆپێک لە مانگی ژوئەن.