ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دوایین وتاریدا کە ڕۆژی دووشەممە بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی پێشکەشی کرد، داوای خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی بەرگری ئەوروپای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کیشوەری ئەوروپا دەبێت زیاتر لە جاران بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
ماکرۆن ڕۆژێک پێش جەژنی نیشتمانی فەرەنسا (ڕۆژی باستیل) قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوروپا ئامادەیە باجەکەی بدات، تەنانەت "بە خوێن"، ئەگەر پێویست بوو، بۆ بەرگریکردن لە خۆی و بەها دیموکراسیەکان و ئازادی.
ئەم قسانە لە سەروبەندی کۆبوونەوەی وڵاتانی پشتیوانی ئۆکرانیادا هاتبوون؛ کۆبوونەوەیەک کە ئامانجی نوێکردنەوەی پشتیوانی سەربازی و سیاسییە بۆ کیێڤ و هەروەها زیادکردنی فشارەکان لەسەر ڕووسیا.
سەرۆکی فەرەنسا بە ئاماژەدان بە پێشهاتە ئەمنییەکانی ساڵانی ڕابردوو، جەختی لە بەهێزکردنی پیشەسازییەکانی بەرگریی ئەوروپا و زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و کەمکردنەوەی وابەستەیی ئەمنی کیشوەرەکە کردەوە.
وتەکانی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە شەڕی ئۆکرانیا دەچێتە ساڵی پێنجەمی خۆیەوە و وڵاتانی ئەوروپا هەوڵدەدەن ڕێگری و ئامادەیی بەرگریی خۆیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن و لە هەمان کاتدا پشتیوانی خۆیان بۆ کیێڤ بپارێزن.