بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی لە سەردانەکەی دوێنێدا بۆ پارێزگای دیالەی عێراق، بە ئاماژەدان بە پێشکەوتنی زیاتر لە سەدا ٦٥ی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە ناوخۆی پارێزگای کرماشان، هیوای دەربڕی کە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە عێراقیشەوە دەست پێ بکات بۆ ئەوەی ڕێڕەوی شەمەندەفەری نێوان تاران، کرماشان، خوسرەوی، خانەقین و بەغدا بەیەکەوە ببەسترێتەوە.

ناوبراو هەروەها ئامادەیی کرماشانی بۆ گواستنەوەی زانست و تەکنۆلۆژیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ماسی و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری بۆ پارێزگای دیالە ڕاگەیاند و جەختی لە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان، بەڕێوەچوونی پێشانگای بازرگانی و لابردنی بەربەستە گومرگی و سنوورییەکان کردەوە.

پارێزگاری کرماشان پەرەپێدانی ژێرخانی لە سنوورەکانی خوسرەوی و سۆمار، تەواوکردنی هێڵی ئاسن بۆ بەغدا، باشترکردنی ڕێگاکانی پەیوەندی، بەهێزکردنی دامەزراوە سنوورییەکان و دروستکردنی ژێرخانی پێویست بۆ خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئەربەعین بە ئەولەویەتە هاوبەشەکانی دوو پارێزگا زانی.

شایانی ئاماژەیە کە بەرپرسان و نوێنەرانی پارێزگای دیالە لەم دیدارەدا جەختیان لە بەکارهێنانی توانا یاسایی و جێبەجێکاری خۆیان، بۆ خێراترکردنی جێبەجێکردنی ئەو پلانانە و فراوانکردنی هاریکاری ئابووری و بازرگانی و زیارەتکردنی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.