بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەهیمە ڕەۆشەن ڕایگەیاند کە، بە پشتبەستن بە پلانی حەوتەمی گەشەپێدان، پشکی کرماشان لە ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی تا ساڵی ٢٠٢٧ بە ٧٠٠ هەزار کەس دیاری کراوە و دەشڵێت: "ساڵی ڕابردوو سەرەڕای ئەو هەلومەرجە تایبەتەی کە بەهۆی شەڕ و نائارامییەوە دروست بووە، پارێزگاکە سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی ٢١٨ هەزار گەشتیاری بیانی؛ ژمارەیەک کە ئامانجی ١٧٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ناوبراو ڕیکلامی ئامانجدار لە عێراق، ئەنجامدانی گەشتی ئاشنابوون (گەشتی ناسراو) بۆ چالاکوانانی گەشتیاری لەو وڵاتە و ناساندنی توانای مێژوویی، سروشتی و کولتوورییەکانی کرماشانی بە فاکتەری زیادکردنی ژمارەی گەشتیارانی بیانی زانی و دەشڵێت: هەرچەندە بەشێکی زۆری گەشتیارانی عێراقی دوای چوونە ناو پارێزگاکە گەشت دەکەن بۆ شارەکانی دیکە وەک مەشهەد، قوم، و شیراز، بەڵام کرماشان هەوڵدەدات پشکێکی گەورەتر لەم بازاڕە گەشتیارییەدا بەدەستبهێنێت.
بریکاری گەشتوگوزاری کرماشان باسی لە پەرەپێدانی گەشتوگوزاری تەندروستی، دامەزراندنی وێستگەی گەشتیاری لەسەر ڕێگاکانی کرماشان-بەغدا و ڕەوانسەر-سلێمانی، جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق، ئەنجامدانی گەشتی هاوبەش، پەرەپێدانی ڕێڕەوی فەرهەنگی زاگرۆس و فراوانکردنی ڕیکلامی چەندزمانی، وەک گرنگترین بەرنامەکانی پارێزگاکە بۆ زیادکردنی مانەوە و ڕاکێشانی گەشتیارێکی زیاتری عێراقی ناو برد.