لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە:"سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر عەدنان وائیلی، ئەمڕۆ هاوڕێ لەگەڵ فەریقی یەکەمی ڕوکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان، و عەلی ڕەزووقی لامی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری، سەردانی پارێزگای دیالەیان کرد. ئەمەش بە مەبەستی بینینی دوایین ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئەربعینی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت) لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی مەنزەرییەوە، و بەدواداچوون بۆ پلانی ڕێکخستن و هەماهەنگی کە لە ماوەی وەرزی زیارەتەکەدا جێبەجێ دەکرێت."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: کۆبوونەوە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان: سەردانەکە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە بەخۆوە بینی، کە تیایدا سەرۆکی لیژنەی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان جەختی لە گرنگیی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو هەوڵی ئەمنی و خزمەتگوزاری کردەوە، لەگەڵ تەرخانکردنی سەرجەم تواناکان و سەرچاوەکان بۆ سەرخستنی ئەم بۆنە ملیۆنییە، بە شێوازێک کە ئاسانکاریی هاتوچۆی زیارەتکاران و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییان بۆ مسۆگەر بکات.
ههروهها وائیلی ڕوونیکردەوە کە شاندەکە دواتر چوونەتە دەروازەی سنووریی مەنزەرییە، لەوێ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارە ڕێکخستنییەکانی تایبەت بە زیارەتەکە، میکانیزمەکانی ئاسانکاریی هاتوچۆی بەزاندنی سنوور، پشتگیریکردنی موکێبەکانی ماتەمینی (حوسێنی)، دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان، و پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی دەیگێڕن لە خزمەتکردنی زیارەتکاراندا لە ماوەی مەراسیمی زیارەتی ئەربعیندا.
لە کۆتاییدا وائیلی جەختی کردەوە کە "دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و فەرمانگە پشتیوانەکان، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانی تایبەت بە زیارەتی ئەربعین، ئەمەش لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ مسۆگەرکردنی ڕەوانیی ڕێکارەکان و پێشوازیکردن لە زیارەتکاران بە بەرزترین ئاستی ڕێکخستن و کارامەیی."