بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوارە نیشتمانی و جیهانییەکانی وەزارەتی میراتی فەرهەنگی، گەشت و گوزار و پیشەی دەستی، داوای خێرا ڕێکخستن و تۆمارکردنی جیهانی میحوەری ساسانی کرد و ڕایگەیاند: جێگیربوونی شوێنەوارگەلێک وەک پەرستگای ئاناهیتا، تاق وەسان و کۆمەڵگەی ئاسەواری ساسانی قەسرشیرین لە درێژایی ڕێڕەوێکی مێژوویدا، توانایەکی بێهاوتای بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری و پاراستنی میراتی کولتووری پارێزگاکە دروستکردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەفەری ئەم دواییەی خۆی بۆ پارێزگای دیالە لە عێراقدا، زیادی کرد: بەرپرسانی ئەم پارێزگایە ئامادەیی خۆیان بۆ پێناسەکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ کرماشان لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، گەشتیاری و گەشەپێدان ڕاگەیاندووە و درێژکردنەوەی مێژوویی میحوەری ساسانی لە قەسر شیرینەوە بۆ خانەقین سەکۆیەکی گونجاوە بۆ فراوانکردنی ئەو هاوکارییانە.

پارێزگاری کرماشان هەروەها پێکهێنانی گرووپێکی کاری تایبەت بۆ ڕێکخستن و تۆمارکردنی جیهانی میحوەری ساسانی ڕاگەیاند و وتی: ئەم گرووپی کارییە بە بەشداریی دەزگا پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی خێرا تۆمارکردنی جیهانیی ئەم ڕێبازە مێژووییە، بەدواداچوون بۆ ڕەوتی لێکۆڵینەوە، دارایی و ڕێوشوێنی جێبەجێکردن دەکات.