بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگاری کرماشان ئامادەیی تەواوەتی ژێرخانی سنووری خوسرەوی بۆ میوانداری کردنی زیارەتکاران ڕاگەیاند و وتی: بە هەوڵدانی لیژنەکانی ستادی ئەربەعین، زیاتر لە ١٠٠ دەروازەی هاتووچۆ لەم سنوورەدا چالاک کراون تاکوو ماوەی تێپەڕینی زیارەتکاران بۆ کەمترین کات دابەزێت.

مەنووچێهر حەبیبی هەروەها ئامادەکردنی ٨٠ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بە توانای نزیکەی ٢٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل و زیادکردنی ٦ هەزار مەتر چوارگۆشە سێبەر و جێگیرکردنی نزیکەی ٣٠٠ کاروان لەسەر ڕێگای پارێزگاکە بۆ سنووری خوسرەوی ڕاگەیاند و وتی: هاوئاهەنگی پێویست بۆ چالاکییەکانی نزیکەی ١٠٠ کاروان لە دیوەکەی دیکەی سنوورەکەش کراوە، لە مەنزەرییەوە تا ڕێگای مەزارگە پیرۆزەکان.

لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧٢ هەزار کەس سنووری خوسرەوییان تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیەش نزیکەی ٣٣ هەزار کەسیان وڵاتیان بەجێهێشتووە و زیاتر لە ٣٩ هەزار کەسیش هاتوونەتە نێو وڵاتەوە.

عەلی سەلیمی بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ڕەوتی هاتوچۆ وتی: تەنها لە ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی سێ هەزار زیارەتکار ئەم سنوورەیان بەزاندووە، پێشبینیش دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئابەوە شەپۆلی سەرەکی گەشتەکانی ئەربەعین دەست پێبکات.

بە وتەی ناوبراو، سەرجەم دەزگا خزمەتگوزارییەکان، هێزەکان و کەرەستەی بەڕێوەبردنی ڕێگاوبانەکان لە ئامادەباشی تەواودا دەبن تا ئەو کاتەی زیارەتکاران دەگەڕێنەوە.

هاوکات بەڕێوبەری حەج و زیارەتی پارێزگای کرماشان تۆمارکردنی نزیکەی ۱۰ هەزار دانیشتووی کرماشانی لە سیستمی سەماح ڕاگەیاند و بە ئاماژەدان بەوەی کە خوسرەوی تا ئێستا سێیەم سنووری هەڵبژێردراوی زیارەتکارانی ئەربەعین بووە، داوای لە داواکاران کرد کە پێش سەفەرکردن تۆماری خۆیان لە سیستەمی سەماحدا تەواو بکەن.