ئیسپانیا بۆ جاری دووەم نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا و لە کاتی زیادکراودا بە ئەنجامی 1-0 بەسەر ئەرجەنتیندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە کۆتایی یارییەکەدا ڕۆدری وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە هەڵبژێردرا.
ناوبراو دوای یارییەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکان وتی: پێش هەموو شتێک دەمەوێت سوپاسی خودا بکەم، ئەم کۆمەڵەیە سەرسوڕهێنەرە و ئێستا پاڵەوانی جیهانین، باوەڕپێنەکراوە بتوانین شتێکی لەو جۆرە بڵێین، ئەمە قورسترین مۆندیال بوو لە مێژوودا، لەم پاڵەوانێتییەدا بەرامبەر باشترین یاریزانی مێژوو یاریمان کرد و توانیمان هەموو ژمارە پێوانەییەکان بشکێنین.
سەبارەت بە ئاستی بەرگری ئیسپانیا بەرامبەر ئەرجەنتین، ڕۆدری زیادی کرد: ئەرجەنتین هیچ هەلێکی مەترسیداری دروست نەکرد، ئەوە نهێنی ئەم تیپەیە؛ گرنگ نییە ڕووبەڕووی چ تیپێک ببینەوە، هەمیشە پلانمان هەیە بۆ سەرکەوتن. دەبێت لە ژیاندا ئازا بیت و ژیان لە کۆتاییدا پاداشتی ئەو بوێرییەت دەداتەوە.
ڕۆدری هەروەها باسی لە گەشتە تایبەتیەکەی و گەڕانەوەی لە کاتە سەختەکانیدا کرد و وتی: دەمەوێت خەڵک بزانن یاریزانێک کە ڕۆژێک بگاتە لووتکە، دەتوانێت بۆ نزمترین خاڵیش دابەزێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لە هەوڵدان ئەوا ژیان لە کۆتاییدا پاداشتی دەداتەوە، من نموونەی زاڵبوونم بەسەر ناخۆشییەکاندا، ڕەنگە زۆر کەس بە شێوەیەکی شەخسیی من نەناسن، بەڵام بە درێژایی ئەم ماوەیە هەستم بە پشتیوانی و خۆشەویستی خەڵکی ئیسپانیا کردووە.