بۆ یەکەمجار لە مێژووی مۆندیالدا، جگە لە جامی پاڵەوانێتی، فیفا ئەڵقەیەکی تایبەتی پاڵەوانیەتی (Champions Ring)ی بە سەرجەم یاریزانان و ئەندامانی ستافی تەکنیکی تیپی براوە بەخشی؛ نەریتێک کە ساڵانێکە لە خولە پڕۆفشناڵەکانی ئەمریکادا بە تایبەت NFL و NBA بۆ تیپە براوەکان بەڕێوەدەچێت.
ئەم ئەڵقە تایبەتانە بە شێوەیەکی تایبەتمەندە و ناوی هەر یاریزانێک یان ئەندامێکی ستافی تەکنیکی لەسەری هەڵکەندراوە. هەروەها هێماکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ و نیشانەی پاڵەوانێتی ئیسپانیا لە دیزاینەکەیدا بەکارهێنران بۆ ئەوەی ببێتە یادگاریەکی ناوازە بۆ ئەم سەرکەوتنە مێژووییە.
خەڵاتکردنی ئەڵقەی پاڵەوانێتی یەکێکە لە دەستپێشخەرییە نوێیەکانی فیفا بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦؛ ئەمەش بە ئامانجی بەردەوامبوونی یادەوەری پاڵەوانێتییەکە و شوێنکەوتنی نموونەی کولتوری وەرزشی پیشەگەرانە لە ئەمریکای باکووردا ئەنجامدرا.
دوای وەرگرتنی ئەم ئەڵقانە، یاریزانە ئیسپانییەکان شانبەشانی میدالیاکە و جامی پاڵەوانێتییەکە نمایشیان کرد و وێنەکانیشیان بە خێرایی لە سۆشیال میدیادا ڕوماڵی بەرفراوانی بەدەستهێنا. هەروەها زۆرێک لە هاندەران پێشوازییان لەم کارەی فیفا کرد و بە هەنگاوێکی سیمبولیک و بەنرخیان زانی بۆ تۆمارکردنی شەرەفە گەورەکەی پاڵەوانی جیهان.
بەم شێوەیە ئیسپانیا نەک هەر وەک پاڵەوانی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە مێژوودا دەستنیشان کرا، بەڵکو ناوی ئەم تیپەش وەک یەکەم پاڵەوان لە مێژووی مۆندیالدا نەمرکرا کە ئەڵقەی تایبەتی پاڵەوانێتی فیفا وەربگرێت. ئەم یادگارییە تایبەتە، لەگەڵ جامی زێڕین و میدالیای پاڵەوانێتی، هێمایەکی دیکەی سەرکەوتنی مێژوویی لارۆخایە لە گەورەترین ڕووداوی تۆپی پێی جیهاندا.