جام کوردی - میدیایەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕووبەڕووی کەمیی بودجە بووەتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی دژی ئێران و پێشبینی دەکرێت بودجەی سەربازیی گرینگ لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا تەواو بێت.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بڵاوی کردەوە کە گوشارەکانی بودجە، سوپای ئەمریکای ناچار کردووە مەشق و ڕاهێنان کەم بکاتەوە و ئامادەیی خۆی بپارێزێت. پێشبینی دەکرێت بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ درێژەدان بە شەڕی ئێران، تێچووەکان زیاتر ببن.

کۆشکی سپی داوای 67 ملیار دۆلاری کردووە بۆ دابینکردنی بودجەی فریاگوزاری، بەڵام تا ئێستا کۆنگرێس نەگەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ پەسەندکردنی. بە سەرنجدان بەوەی کە ئەنجوومەنی نوێنەران خەریکە پشووی مانگێک دەست پێدەکات، بەدووری نازانرێت لە کورتخایەندا بودجەی سەربازیی زیاتر دابین بکرێت.

پات هاریگان، ئەندامی کۆماریخواز لە لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: هەمووان پێویستە سەیری ئەم دۆخە بکەن و بە جددی وەریبگرن.

شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن هەروەها ڕایگەیاندووە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا "هەرچی پێویست بێت" بۆ پاراستنی ئامادەیی سەربازی دەیکات و بودجەی بەرگریی بە "جەوهەری" ناوبردووە.

بڕیارە هێگسێت و ژەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش، داواکاری بودجەی حکومەت پێشکەش بە لیژنەی تەرخانکردنی ئەنجومەنی پیران بکەن، لەکاتێکدا بڕیارە ڕوسیل ڤۆت بەڕێوەبەری بودجەی کۆشکی سپی کورتەیەک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان لەبارەی ئەو بابەتە ئاگادار بکاتەوە.