بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی بە ئاماژەدان بە پێگەی سنووری خوسرەوی و سۆمار لە جموجۆڵی زیارەتکارانی ئەربەعیندا، لە کۆبوونەوەی گرووپی کاری دامەزراندن و وەبەرهێنانی پارێزگاکەدا وتی: بانکەکانی مللی، مێلەت و پۆست بانک، کە بەرپرسیارن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بۆ زیارەتکاران، پێویستە بە بەهێزکردنی توانای مرۆیی خۆیان و چالاکی بە درێژایی شەو و ڕۆژ، خزمەتگوزارییەکی خوازراو لە سنووری خوسرەویدا پێشکەش بکەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە زیادبوونی هاتووچۆی زیارەتکاران لە ڕێگەی سنووری خوسرەوییەوە، زیادی کرد: بە پێی ئامارەکان تەنیا لە ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠ هەزار کەس ئەم سنوورەیان بەزاندووە کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی لە سەدا ٢٦ زیادی کردووە و نابێت زیارەتکارانیش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری بانکی ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک ببنەوە.
پارێزگاری کرماشان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەستنیشانکردنی ٧٤ یەکەی پیشەسازیی کە پێویستیان بە پشتیوانی لە پارێزگاکە هەیە ڕاگەیاند و وتی: لەو ژمارەیە ٤٠ یەکە توانای گەڕانەوەیان بۆ خولی بەرهەمهێنان هەیە و پارێزگارەکان ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوون بۆ پرۆسەی بوژاندنەوەی ئەو یەکانە بە شێوەیەکی تایبەت بکەن.
حەبیبی هەروەها تەرخانکردنی ٢٤٠ ملیار تمەن وەک قەرز بۆ پاڵپشتی یەکەکانی بەرهەمهێنان ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە: پێویستە ئەم سەرچاوانەی بە زووترین کات بخرێنە بەردەستی یەکە شایستەکان بە هاوکاری تۆڕی بانکی بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دامەزراندن لە پارێزگاکەدا.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە پڕۆسەی درێژخایەنی پێداچوونەوە بە فایلەکانی ئاسانکاری لە بانکەکاندا وتی: ئەو فایلانەی کە بەهۆی ناتەواوی بەڵگەنامەکان، چەکی گەڕاوە، یان کێشەی دیکە ناتوانن ئاسانکاری وەربگرن، نابێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێ یەکلاکەرەوە بمێننەوە و پێویستە بە زووترین کات بگەڕێندرێنەوە بۆ دەزگاکانی جێبەجێکردن بۆ ئەوەی یەکەکانی شایستە جێگەیان بگرنەوە.
پارێزگاری کرماشان بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی بەردەوام و دامەزراندن داوای لە بانکەکان و دەزگاکانی جێبەجێکردن کرد بە خێراکردنی خەرجکردنی ئیمکاناتەکان و لابردنی ئاستەنگەکان ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی یەکە وەستاوەکان بۆ خولی بەرهەمهێنان بکەن.