جام کوردی - "دۆستانی هەمیشەیی" بە باشی وێنای پێوەندیی چەند دەیەی ڕابردووی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، پێوەندییەک کە دەتوانین بڵێین ئەو قسە باوەی ناو سیاسەت و پێوەندیی نێودەوڵەتی بێ مانا کردووە کە "دۆست و نەیار هەمیشەیی نین"، هۆکاری ئەمەش درک و دووربینی سیاسی سەرکردایەتی دوولایەن لە پێش و سەرەتاکانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بوو. مام جەلال دۆستی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە سەردەمێکدا کە دۆستایەتیەکی وا زۆر گران بوو و کاتێک هیچ هاوکێشەیەکی ماددی حوکمی نەدەکرد، هەمیشە لایەنگری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
دوای گەشتەکەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ پاریس، شاندێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی دوکتور فەوئاد مەعسووم سەردانیان کرد و نامەیەکی مام جەلالیان پێشکەش کرد و دوای گەڕانەوەی ئیمام بۆ ئێران، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەردەوام بوو.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتە جیاوازەکاندا دەرگاکانی خۆی بەڕووی ئاوارەکانی کورددا کردەوە، بەتایبەتی لە کاتی سەختدا. ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشتگیریی کورد لە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبچە دیارە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانییەوە ئەم کارەساتەی بۆ جیهان ئاشکرا کرد و هەروەها لە چارەسەریی بۆ بەرکەوتوان کە لە ئێستاشدا بەردەوامە. لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کوردی عێراق لە بەهاری ساڵی 1991، کۆماری ئیسلامی ئێران بە باوەشی کراوە دەرگاکانی بەڕووی ئاوارەکاندا کردەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم وڵات بوو که هێزه سەربازییەکانی ڕەوانە کرد بۆ شەڕ دژی داعش و بەرەوڕووی هەڕەشەکانی سەر هەولێر و مەخمور له دوای 3ی ئابی 2014 و به فەرماندەیی ژێنراڵ قاسم سولەیمانی بووەوە.
لە مێژووی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێتی، لە شەڕ دژی دیکتاتۆرییەتی سەدام حسێن و هەروەها شەڕ دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، خوێنی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی ئێران، تێکەڵ بە یەک بوون و پێوەندییەکی لەم چەشنە بە ئاسانی ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هەندێ ڕووداو کە کاتین و تێدەپەڕن.
سەرکردایەتی یەکێتی لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا دەبێ بگەڕێتەوە سەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال. مام جەلال هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوو لە هەموو قۆناغەکاندا.
پێویستە لە ئێستاشدا دەست بە ڕێباز و حیکمەتەکەی مامەوە بگیردرێت و بەرژەوەندیی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان و ئێران لە سیاسەت و ستراتیژ و لێدوانە فەرمی و نافەرمییەکاندا لەبەرچاوبگیردرێت و هەروەها نیگەرانی و داوکاراییە ڕەواکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری ئەمنی و ئاسایش و بە تایبەت کۆنترۆڵ کردنی تاقمە تیرۆریستی و نەیارەکان بەشێوەی جدی لەبەرچاو بگیردرێت؛ لە بەر ئەوەی کە، دراوسێیەتی ئێمە هەمیشەییە و یاریکەرە داگیرکەرەکان لە ناوچەکەدا بە زۆر بێت یان بە ڕێککەوتن هەر دەبێ ئەم ناوچەیە چۆڵ بکەن.