بەپێی کەناڵی ئەی بی سی نیوز: چوار سەربازی ئەمریکی کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە کاتی دووبارە پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کوژراون، لە ئاماری فەرمیی قوربانیانی شەڕی دژی ئێراندا ناویان نەهێنراوە. ئەمەش پرسیاری لەسەر چۆنیەتی ژماردنی دروستی کاریگەرییەکان لەسەر سەربازانی ئەمریکا دروستکردووە.
سیستەمی شیکاری قوربانییەکانی بەرگری (DCAS) کە بەرپرسانی پنتاگۆن چەندین جار وەک سەرچاوەی یەکلاکەرەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی شەڕەکە ئاماژەیان پێکردووە، هەفتەی ڕابردوو ناوی چوار سەربازی کوژراو و دەیان برینداری لە ئامارەکانی شەڕی دژی ئێران لابردووە.
هەروەها سێنتکۆم و پنتاگۆن و کۆشکی سپی خۆیان لە هەر لێدوانێک دەدزنەوە. لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، پنتاگۆن زانیاری کەمتری داوە لەوەی کە لە قۆناغی یەکەمی ململانێکاندا پێشکەشی کردووە. پنتاگۆن لە سەرەتای مانگی ئایارەوە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە شەڕەکە ئەنجام نەداوە و بەرپرسانی سێنتکۆم چیتر زانیاری نوێ لەبارەی قوربانییەکانەوە بۆ پەیامنێران نادەن.