هاوپەیمانییەکی نوێ یان نمایشێکی سیاسی؟

لە ڕوانگەیەکی سەرەتاییەوە، ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت وەک دروستبوونی هاوپەیمانییەکی ناوچەییی نوێ ببینرێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بەشێکی زۆری ئەم هاریکارییانە شتێکی نوێ نین. ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی ساڵانێکە لە چوارچێوە ئەمنییە جیاوازەکاندا پێکەوە کار دەکەن و دوای ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمیش، ئاستی هاریکاریی ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی بەرزتر بووەتەوە.

بۆیە ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا گرنگترە لە "دروستکردنی هاوپەیمانی"، نمایشکردنی ئارایشێکی ئەمنییە کە ئێستا لە کاتی جەنگدا بوونی هەیە. ڕەنگە لە مەیدانی کردەییدا هیچ ڕووداوێکی تازە ڕووی نەدابێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرماندەی سوپای ئیسرائیل لە تەنیشت فەرماندە سەربازییەکانی سعودیە، ئیمارات، میسر، ئوردن، قەتەر، بەحرەین، کوێت و فەرماندەی سێنتکۆم، خۆی پەیامێکی سیاسیی سەربەخۆی هەڵگرتووە.

پێویستیی ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەستکەوتی سیاسی

کات و سات و شوێنی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە گرنگە. ئەمریکا لە بەرەبەری هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندایە و ئیسرائیلیش لە ٢٧ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی هەیە. لەم دۆخەدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە ڕێگەی جەنگەوە بۆ ئەمریکا بووەتە ئامانجێکی ئەستەم، هاوپەیمانێتی‌کردن دەکرێت ببێتە دەستکەوتێکی سیاسی؛ تەنانەت ئەگەر لە ئاستی مەیدانیشدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دروست نەکات. بۆ ئیسرائیل و بنیامین نەتانیاهۆش، بەهۆی گوشارە سیاسییەکان و ئەگەری شکستی هەڵبژاردن، ئەمە پرسێکی هەستیارترە.

پەیام بۆ عەرەبەکان: "تەنیا نین"

ئەم وێنەیە بۆ وڵاتانی عەرەبی ڕەهەندێکی دەروونی و سیاسی هەیە. سعودیە لە دۆخێکدایە کە ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئەنساروڵڵا بووەتەوە و واشنتۆنیش لە هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆ بۆ جەنگ خۆی دەپارێزێت. بۆیە دانیشتنی فەرماندە عەرەبەکان لە تەنیشت سێنتکۆم و سوپای ئیسرائیل، پەیامێکی دڵنیاییە: "لە بەرامبەر هەڕەشە ناوچەییەکاندا، پشتیوانیی ئەمنی و سەربازیی بەرفراوانتر هەیە".

هورمز؛ ئەو خاڵەی گێڕانەوەکانی ئەمریکا دەخاتە ژێر پرسیارەوە

یەکێک لە گەورەترین دژبێژییەکان لەم کۆبوونەوەیەدا، پرسی گەرووی هورمزە. ئەمریکا لە هەفتەکانی ڕابردوودا هەوڵیداوە وێنەیەک نیشان بدات کە بارودۆخی گەرووی هورمز بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. بەڵام کاتێک فەرماندەی سێنتکۆم فەرماندەی هەشت وڵات کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "زیادکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان"، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئەگەر دۆخەکە ئاساییە، بۆچی پێویست بەم هەماهەنگییە سەربازییە فرەلایەنە هەیە؟

گواستنەوەی تێچووی جەنگ بۆ بازاڕ

کێشەکە تەنیا هورمز نییە؛ مەسەلەکە ئەو تێچووەیە کە بۆ بازاڕ دەگوازرێتەوە. ستراتیژیی ئێران بۆ زیادکردنی مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی و بەرزکردنەوەی تێچووی بیمە و نرخی نەوت، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووریی ناوخۆی ئەمریکا داناوە. بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەڵئاوسانی ئابووری، بووەتە ئالنگارییەکی سیاسی بۆ دەوڵەتی ترەمپ لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا. 

کۆتایی: ئایا ئەمە نمایشێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ؟

بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی ئەڵمانیا دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ دڵنیایی‌دان بە بازاڕی جیهانی ببینرێت؛ وەک ئەوەی بڵێن هورمز و باب‌ولمەندەب لە چوارچێوەی ئەندازیارییەکی ئەمنیی گەورەتردا کۆنترۆڵ دەکرێن. بەڵام ئەمە پارادۆکسێکیشی تێدایە: هەرچی واشنتۆن زیاتر پێویستی بە نمایشکردنی ئەم هاوپەیمانییە بێت بۆ نیشاندانی کۆنترۆڵی دۆخەکە، ئەوەندە زیاتر گومان دروست دەبێت کە ئایا دۆخەکە بەڕاستی "ئاسایی"یە یان نا؟

بە گشتی، کۆبوونەوەکەی ئەڵمانیا زیاتر لەوەی پەیوەندی بە دەستپێکی هاوپەیمانییەکی نوێی سەربازییەوە هەبێت، هەوڵێکە بۆ بەڕێوەبردنی تێچووەکانی جەنگ؛ چ لە مەیدانی جەنگ، چ لە بازاڕی وزە و چ لە ئەفکاری گشتیدا. سەرکەوتنی ئەم هەوڵە بۆ هاوسەنگکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، هێشتا بەشێوەیەکی زۆر لە گوماندا ماوەتەوە.