بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سعوودن ئەلساعدی، کونسوڵی گشتی عێراق لە کرماشان بە ئاماژەدان بە جێبەجێ کردنی پلانی تایبەتی ئەمنی بۆ ئەربەعین لە سەرتاسەری عێراقدا وتی: سەرەڕای بوونی ملیۆنان زیارەتکار، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بە تەواوی ئاسایشی ڕێگاکانی هاتووچۆ و شوێنەکانی زیارەتیان دابین کردووە و هیچ نیگەرانییەک بۆ زیارەتکاران لە ئارادا نییە.
ناوبراو ڕێپێوانی ئەربەعینی بە هێمای پەیوەندییە مێژوویی و کولتووری و ئایینییەکانی نێوان ئێران و عێراق زانی و دەشڵێت: "ئەم ڕێوڕەسمە ساڵانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە بەهێز دەکات و گەلی عێراقیش خزمەتکردنی بە زیارەتکارانی ئیمام حسێن (ع) بە شانازی و شەرەفێکی گەورە دەزانن.
کونسوڵی گشتی عێراق هەروەها پەرەپێدانی بەردەوامی ژێرخانی سنووری و هاوکاری هاوبەشی نێوان تاران و بەغدا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زیارەتکارانی ڕاگەیاند و وتی: بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ بەستنەوەی تۆڕەکانی هێڵی ئاسنی ئێران و عێراق، پارێزگای کرماشان و سنووری خوسرەوی دەبێتە یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکان لە داهاتوودا.
ئەلساعدی لە کۆتاییدا بە ستایشی گیانی سەبر و کۆڵنەدانی گەلی ئێران، پێوەندیی دوو وڵاتی لە دەرەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان وەسف کرد و جەختی لە درێژەی هاوکارییەکان بۆ ئاسانکاری بۆ سەفەری زیارەتکارانی ئەربەعین کردەوە.