لە ڕاگەیەندراوێکی بارەگای  باڵای مەراسیمی ئەربەعین لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا هاتوە: "جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری بۆ مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن (د.خ) بەردەوامە. ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پشتیوانەکان ئەنجام دەدرێت بۆ دابینکردنی هاتوچۆیەکی ڕێک و پێک لە دەروازە سنوورییەکان و ڕێگا سەرەکییەکان، کە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەدەچێت."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامارە نوێکراوەکان نیشانی دەدەن کە لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو شەوی ڕابردوو، (٢,٨٨٧,٣٠٥) زیارەتکار لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ بەشداری لە مەراسیمی چلە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق و پرۆسەی هاتنی زیارەتکارانیش هێشتا بەردەوامە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەژێر سەرپەرشتی و بەدواداچوونی لیژنەی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان، لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەردەوامن. ئامانج لەم هەوڵانەش چڕکردنەوەی ڕێکارە ڕێکخستنی و خزمەتگوزارییەکانە بۆ گونجان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هاتووان، بە جۆرێک کە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر و هاتوچۆیەکی بێ گرفت بۆ زیارەتکاران تا کۆتایی مەراسیمەکە فەراهەم بکرێت.