نوێنەری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە هەرێم لە سەرەتای ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی بە ئایەتی پیرۆزی ﴿قُلْ لَا أَسْألُكُمْ عَلَيْهِ أَجْرًا إِلَّا الْمَودَّةَ فِي الْقُرْبَى﴾ کرد و ڕوونی کردەوە کە خۆشەویستیی ئەهلی بەیت نەسی قورئانیی و فەرموودەی ڕاستەوخۆی پێغەمبەری ئەکرەمە (ص)، کە تیایدا داوای تەقوا و موحەببەتی بۆ ئالی بەیتەکەی (حەزرەتی عەلی، فاتیمە، حەسەن و حوسێن - سەڵاواتی خوایان لێ بێت) کردووە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەید عیسا بەرزنجی هێمای بە وتەیەکی مێژوویی کاک شێخ ئەحمەدی سلێمانی کرد دەربارەی زیارەتکارانی ئیمامی حوسێن (ع) و ڕەسەنایەتیی نە سەب و پەیوەندی ڕۆحی لەگەڵ ڕێبازی ئیمامی حوسێندا. ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی کوردستان—چ سەیدەکان و چ تەواوی چین و توێژەکان—لە مێژوودا هەمیشە دوور لە جیاوازیی مەزهەبی (سوننە و شیعە) عاشقی ئەهلی بەیت بوونە و بەردەوام ڕێزیان لە سەروەرانی گەنجانی بەهەشت (ئیمام حەسەن و ئیمام حوسێن) گرتووە.
سەبارەت بە بەشداریی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بۆنە ئایینییەکان و بەتایبەت زیارەتی ئەربعین لە کەربەلا و نەجەف، نوێنەری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئاشکرای کرد کە سەڕەرای بوونی قەیرانی ئابووری و سەختییەکانی جیهانی ئەمڕۆ، لە سایەی کەشی ئازادی و دیموکراتیی ئێستادا، خەڵکی کوردستان هەرگیزاو هەرگیز زیارەتی ئیمامی حوسێنیان فەرامۆش نەکردووە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەید عیسا بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە زۆرینەی خەڵکی کورد سەرباری پەیوەستبوونیان بە مەزهەبی شافیعی و تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندی، هەروەها ئامادەیی بەربڵاوی بنەماڵە و تەریقەتە سەیدەکانی وەک بەرزنجی، هەمیشە بەپەرۆشەوە وەک ئەرکێکی ئایینی و ڕۆحی، هاوشێوەی فەریزەکانی تر، روو لە مەزارە پیرۆزەکان دەکەن و درێژە بەو نەریت و عەقیدە دێرینەی باوانیان دەدەن.
لە درێژەی دیدار و گفتوگۆ ڕۆژنامەوانییەکەیدا، سەید عیسا بەرزنجی، نوێنەری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر پێگە و ئەرکی ئەم ئەنجومەنە لە قووڵکردنەوەی برایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.
وتی" سەرۆکایەتیی ئێستای ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەلایەن سماحەتی دکتۆر شێخ همام حەمودییەوە بەڕێوە دەبرێت و ئەنجومەنەکە لە ساڵی (١٩٨٢) لە تاران دامەزراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و دیکتاتۆریەتی ڕژێمی فاشیستی پێشووی عێراق. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، حزبێکی تەسکی عەرەبی یان ناوچەیی نییە، بەڵکو قەوارەیەکی ئیسلامیی نیشتمانییە کە بە یەک چاو سەیری عەرەب، کورد، تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی تری عێراق دەکات.
سەید عیسا بەرزنجی وتیشی: «ڕاستە زۆرینەی ئەنجومەنی باڵا لەسەر مەزهەبی شیعە و مەرجەعییەت و ئالوبەیتن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەنجومەنی باڵا بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردیش بووە و هەمیشە پەرۆشی مافە ڕەواکانی تاک بە تاک و کۆی میللەتی کورد بووە.»
سەبارەت بە بنەمای برایەتی لە نێوان پێکهاتەکاندا، نوێنەری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوە دا کە کورد، عەرەب و تورکمان لە ڕووی مرۆیی و جوگرافییەوە لە یەک نیشتماندا دەژین و پێویستە وەک برا بەیەکەوە بن، بنەمای پێکەوەژیانیشیان دەستوور و یاسایە کە هەمووانی کۆکردووەتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بابەتی زیارەتی ئیمامی حوسێن (ع) و خۆشەویستیی ئەهلی بەیت، سنووری مەزهەب و نەتەوە دەبڕێت و هی هەموو مرۆڤایەتییە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی مێژوویی سەرکردەکانی ئەنجومەنی باڵا، بەتایبەت شەهید محراب ئیمام محەممەد باقر حەکیم کرد، کە ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ساڕێژکردنی برینەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە هەمیشە پەرۆشی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی لەسەرکردایەتی و گەلی کورد بووە، بەتایبەت لە ڕووداوەکانی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـەوە،
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، سەید عیسا بەرزنجی داوای لە هەموو لایەک کرد کە هۆشیاربن بەرامبەر هەوڵە نەرێنییەکان و ڕێگە نەدەن مێژووی پڕ لە ئازاری ئەنفال و کیمیاباران و ستەم لەبەرچاو ببرێت. جەختی لەوەش کردەوە کە عێراق و کوردستان وەک دوو لایەنی یەک جەستەن؛ عێراق پێویستی بە کوردستانە و کوردستانیش پێویستی بە عێراقە، و پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکرات و یەکگرتوودا گەرەنتی دەکرێت.
چلەی ئیمامی حوسێن (د.خ)؛ شۆڕشی ملیۆنی و گەورەترین چەکی موسڵمانان دژ بە ستەم و گەندەڵی
هەر بۆیە ئیمامی حوسێن گەورەترین شۆڕشی جیهانی دژی ستەم و گەندەڵی و داگیرکاری کرد.
لەبارەی قەرەباڵغی و شکۆی ڕێوڕەسمی ئەربعینەوە، بە خەمخۆرییەوە باس لە ئەزموونی خۆی کرد و وتی: «تەنانەت دوێنێ شەو کە تەنها ٢٠٠ مەتر لە مەزاری موقەدەسەوە دوور بووم، بە سەعاتێک نەمتوانی بگەمە دەرگاکە بەهۆی ئەو جەماوەرە بێوێنە و مەزنەی کە لە هەموو توێژێک—ژن، پیاو، بەساڵاچوو، نەخۆش و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان—لە سەرانسەری دنیاوە کۆبووبوونەوە. ئەمە لە خۆیدا گەورەترین بەرهەمی شۆڕشگێڕییە کە هیچ شاشە و پۆستێک ناتوانێت گەورەیی و ڕاستییەکەی وەک خۆی بگوازێتەوە، ئیلا ئەوەی کە مرۆڤ خۆی بە چاوی خۆی بیبینێت.»
هەروەها تیشکی خستە سەر خزمەتگوزاری و موکبەکان و ئاماژەی بە نموونەیەکی زیندوو دا کە چۆن خەڵک بە دڵسۆزی و بەبێ هیچ پشتگیرییەکی حزبی یان ڕێکخراوی، بە دەیان ملیۆن دینار لە سەروەت و سامانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی زەواران خەرج دەکەن، تەنانەت کاسبکار و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش بەوپەڕی سۆزەوە بەشداریی تێدا دەکەن، کە ئەمەش نیشانەی عاشقبەندی راستەقینەی خەڵکە بە ڕێبازی ئەهلی بەیت.
سەید عیسا بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە قەزیەی ئیمامی حوسێن (ع) هی هیچ مەزهەب، نەتەوە و ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو گەورەترین چەکە بە دەستی موسڵمانان و هەموو ئازادیخوازێک دژ بە گەندەڵکاران، ستەمکاران، زایۆنیزم و داگیرکەران. ڕوونی کردەوە کە سەرەڕای گەرما و سەختییەکان، ملیۆنان کەس ژیانی خۆیان دەخەنە سەر دەست و ڕوو لە کەربەلا دەکەن، چونکە بڕوایان بە پەیامەکەی پێغەمبەر (ص) هەیە کە قورئان و ئەهلی بەیتی وەک ڕێبازی ڕاستەقینە بۆ جێهێشتووین.
پاشان وتی: «داعش بە ناوی ئیسلامەوە تاوانی گەورەی ئەنجام دا، لەوانەش کارەساتە دڵتەزێنەکەی شنگال و ئەنفالکردنی خوشک و برامان لە یەزیدییەکان و پێکهاتەکانی تری ناوچەکە، کە ئامانج لێی تێکدانی شیرازەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی عێراق بوو لەژێر فەرمانی لایەنە دەرەکییەکان و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.»
لە دوا ئاخاوتنەکەیدا، سەید عیسا بەرزنجی پەیامێکی یەکڕیزی نارد و ڕایگەیاند: «ئێمە هەموومان موسڵمان و مرۆڤین؛ یەکگرتنمان لە بۆنەکاندا وەک حج، چلەی حوسێن، مانگی ڕەمەزان، نەورۆز و لە ناو مزگەوتەکاندا، دەبێتە مایەی سەرکەوتنی یەکجارییمان. چلە گەورەترین چەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و تێکشکاندنی پیلانی زایۆنیزم و داگیرکەران، و بە یەکگرتوویی و خۆشەویستیی خوا و پێغەمبەر، هیچ حزبیك یان فتنة و ئاژاوەیەک ناتوانێت کاریگەری لەسەر برایەتیمان هەبێت.»