هێرشبەرە لاوەکەی بەڕازیل کە دوای بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 گەڕایەوە مەدرید، بەپێچەوانەی هەندێک قسە و باسەکانەوە، هیچ نیازێکی نییە سانتیاگۆ بێرنابیۆ جێبهێڵێت و پێی باشترە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی مەدرید بەسەر ببات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەتلەتیک، دوای ئەوەی ماوەی شەش مانگ بە خواستن، سەرکەوتوو بوو لە یانەی لیۆن، ئێستا ئەندریک پێی وایە کە کاتی ئەوە هاتووە تواناکانی خۆی لە یانەی ڕیال مەدرید پیشان بدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆما زۆر حەزی لە ڕاکێشانی هێرشبەرە تەمەن ٢٠ ساڵەکە بوو و هیوای خواست بتوانێت بە خواستن گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی یاریزانەکە کاریگەری لەسەر هەموو پلانەکانی یانە ئیتاڵییەکە هەبووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی فۆت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، خۆزێ مۆرینیۆ لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕاهێنانەکانی پێش وەرزەوە سەرسام بووە بە کوالیتی تەکنیکی و پاڵنەر و هەڵوێستی پڕۆفشناڵی ئەندریک. ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە پێی وایە هێرشبەرە لاوەکە شایەنی ئەوەیە لە پێکهاتەی ڕیال مەدریددا بێت و هەر بۆیەش بە نیازە هەلی زیاتری پێبدات تا بەدرێژایی وەرز تواناکانی خۆی بسەلمێنێت.
دەوترێت متمانەی مۆرینیۆ ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە بڕیاری مانەوەی ئەندریکدا. ئەستێرە بەڕازیلییەکە پێی وایە کە ڕکابەریکردن لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان و کارکردن لە ژێر دەستی ڕاهێنەرێکی بەئەزموون وەک مۆرینیۆ باشترین ڕێگا دەبێت بۆ پێشکەوتن و مسۆگەرکردنی پێگەی خۆی لە تۆپی پێی ئەوروپادا. ئێستا ماوەتەوە بزانین ئایا دەتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و ببێتە یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی ڕیاڵ مەدرید لە وەرزی داهاتوودا.