جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە ئێستادا لە خراپترین بارودۆخی سەرۆکایەتی 10 ساڵی ڕابردووی خۆیدایە. لەمبارەیەوە تۆڕی وەرزشی سکای ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، دوورخستنەوەی بەرپرسێکی باڵای فیفای ئاشکرا دەکات دوای ئەوەی ڕەخنەی لە پلانەکەی ئینفانتینۆ گرت.

پرۆژەی دوورخستنەوەی ئینفانتینۆ لە سەرۆکایەتی فیفا دوو هەفتە لەمەوبەر بە پێشکەشکردنی پلانێک بۆ فرۆشتنی مافی بازرگانی مۆندیال بە کۆمپانیای زاوای ترەمپ بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، دەستیپێکرد.

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا هەریەکە لە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا و یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا و کۆنکاکاف کە زیاتر لە 60%ی دەنگەکانی فیفایان بەدەستەوەیە، داوای دوورخستنەوەی ئینفانتینۆیان کردووە.

ئێستا سکای سپۆرت ئاشکرایکردووە کە "کیڤن لامۆر"، سەرۆکی کارگێڕی فیفا لە مانگی تەمموزدا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ئینفانتینۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، تاکە تاوانەکەی ئەوەیە کە پلانەکەی ئینفانتینۆی بە "فریودەر" ناوبردووە.

ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، لامور پێش ئەوەی لە کارەکەی دووربخرێتەوە هۆشداری داوە لەوەی کە دژایەتیکردنی بەرانبەر بە پرۆژەکەی سەرۆکی فیفا، لە کارەکەی دووری دەخاتەوە.

بەرپرسی باڵای فیفا بە ڕەخنەگرتن لە پلانەکە ڕایگەیاند، ستافی فیفا شەفاف نەبوون سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدانی و پڕۆژەکە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی تۆپی پێ و پێکهاتەی فیفا ناکات.