ویتسێل کە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ خیرۆنا بووە یاریزانێکی ئازاد، بەبێ ئەوەی پارەی گواستنەوە بدات پەیوەندی بە یانەی نیسەوە کردووە و گرێبەستی یەک ساڵەی لەگەڵ یانە فەرەنسیەکە واژۆکردووە؛ گرێبەستێک کە بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش هەیە.
ئەم گواستنەوەیە لە دۆخێکدا ئەنجامدرا کە نیس بەدوای یاریزانێکی بەئەزمووندا دەگەڕا لە هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیاندا، بەهۆی پێکانێکی سەختی لۆران ئەبەرگێلەوە. ئاکسێل ویتسێل کە یاری بۆ یانەکانی ستاندەر لیێج، بەنفیکا، زینیت، دۆرتمۆند، ئەتلەتیکۆ مەدرید و خیرۆنا کردووە، ئەزموونێکی زۆری لە تۆپی پێی ئەوروپا هەیە و دەتوانێت لە هێڵی ناوەڕاست و تەنانەت بەرگریشدا یارمەتی نیس بدات.
ویتسێل کە وەرزی ڕابردوو بۆ یانەی خیرۆنا یاری کردبوو، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی بەرەو فەرەنسا ڕۆیشت و ئەزموونە بەرفراوانەکەی دەهێنێتە تیپەکەی ئۆلیڤیێر پانتالۆنی. پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەنیازە بەردەوام بێت لە یاریکردنی پڕۆفشناڵ و دوای جێهێشتنی خیرۆنا بەدوای تەحەدایەکی نوێدا دەگەڕێت.
یاریزانە بەلجیکییەکە کە ئەزموونی چەندین ساڵەی لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەوروپادا هەیە، ئێستا بڕیارە لەگەڵ نیس ئەزموون و ئارامی زیاتر بهێنێتە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکە و یارمەتی پڕۆژە نوێیەکەی یانەکە بدات بۆ وەرزی ٢٠٢٦-٢٠٢٧.