بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم بارانە لە سنووری پەرویزخانەوە دەچنە ناو ڕێگای هێڵی ئاسنی کرماشانەوە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ شوێنە دیاریکراوەکانی تورکیا.
دەستپێکردنی ئەم ڕێگایە هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی گواستنەوەی هاوبەش و کەڵک وەرگرتنێکی زیاتر لە توانای سنوورەکانی کرماشان بۆ بازرگانی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
حەسەن ڕۆستەمزاد، بریکاری ڕێکخەری کاروباری ئابووری پارێزگای کرماشان، بە ئاماژەدان بە توانای سنووری و هێڵی ئاسنی پارێزگاکە وتی: کرماشان کە شەش سنووری چالاکی لەگەڵ عێراقدا هەیە، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی گواستنەوە و ترانزێت لە وڵاتدا.
ناوبراو پەرەپێدانی هێڵی ئاسن و گواستنەوەی تێکەڵاوی بە یەکێک لە مەرجەکانی زیادکردنی پشکی کرماشانی لە بازرگانی ناوچەییدا زانی و دەشڵێت: ئەم پارێزگایە توانای ئەوەی هەیە لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا، سوریا، بەندەرەکانی ناوچەکە و دواجاریش وڵاتانی ئەوروپی ببەسترێتەوە.
ڕۆستەمزاد بە ئاماژەدان بە گواستنەوەی یەکەم باری ئەم پڕۆژەیە وتی: ئەم بارە بە شێوەی گرێبەستێک بە توانای نزیکەی 50 هەزار تەن لە سنووری پەروێزخانەوە بۆ سنووری ڕازی و پاشان بۆ تورکیا دەگوازرێتەوە.
بریکاری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری هەروەها ئامانجی زیادکردنی توانای گواستنەوەی کەلوپەلی لەو پارێزگایە ڕاگەیاند و وتی: توانای ئێستای نزیکەی 2 میلیۆن تۆن بە بەراورد بە توانای ڕاستەقینەی کرماشان کەمە و ئامانجیش ئەوەیە کە توانای ترانزێتی ئەو پارێزگایە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ زیاتر لە 50 میلیۆن تۆن بەرز بکرێتەوە.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە پەرەپێدانی ژێرخانی هێڵی ئاسن، هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکان، هاتنە ناوەوەی جددی کەرتی تایبەت و خێراکردنی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی کرماشان بە تۆڕی هێڵی ئاسنی عێراقەوە هەیە.
جگە لەم ئامانجە، دەستپێکردنی ترانزێتی هێڵی ئاسنی باری نەوتی عێراق دەتوانێت توانای سنوورەکانی کرماشان لە ڕێگایەکی وشکانییەوە بگۆڕێت بۆ بەشێک لە تۆڕێکی گواستنەوەی یەکگرتووی بەرفراوان لە ناوچەکەدا؛ توانایەک کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ بازرگانی کرماشان لەگەڵ عێراق و بازاڕەکانی دەوروبەری.