ئەمڕۆ شەممە لە میانی دانیشتنی دیالۆگ لەگەڵ كەریم حەمادی، سەرۆكی تۆڕی میدیایی عێراق، لە هەشتەمین كۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا، سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند : هەموو لایەك ئارەزووی ئەوە دەكەن ڕێگری بكەن لە ڕاكێشانی عێراق بۆ ناو شەڕی بەردەوامی ناوچەكە، ئاماژەی بەوەشدا كە عێراق، دوای ئێران، لەنێو ئەو وڵاتانەیە كە زۆرترین زیانی جەنگی بەركەوتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد : عێراق ڕاشكاوانە لەگەڵ هەموو وڵاتان قسە دەكات، ڕایدەگەیەنێت عێراق لە پێش هەموو شتێكەوەیە، جەختیشیكردەوە پێویستی ڕێگریكردن لە ڕاكێشانی عێراق بۆ ناو شەڕی بەردەوامی ناوچەكە، بڕیاری سنوورداركردنی چەك بۆ دەوڵەت بڕیارێكی عێراقییە كە هیچ دەستوەردان و ململانێیەكی دەرەكی تێدا نییە، وتووێژ لەگەڵ محەممەد باغر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كرا و پەیامەكان سەبارەت بە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات بە ئێران گەیەندرا، ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان كردەوە كە بڕیاری سنوورداركردنی چەك لە دەوڵەتدا بڕیارێكی عێراقییە و هیچ بەرپرسێكی ئێرانیش داوای هیچ دواكەوتنێكی لەم بابەتەدا نەكردووە.
ڕوونیشی كردەوە : كە سەرۆك وەزیران داوای پاڵپشتی لە ئیدارەی حكومەتی كرد بۆ سنوورداركردنی چەك، جەختیشی كردەوە كە دەستوور فەرمانی كردووە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و دەسەڵاتە ئایینیەكانیش داوای ئەوە دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد : هەندێك فراكسیۆن وەڵامی داواكاریی حكومەتیان داوەتەوە و چەكەكانیان تەسلیم كردووە، جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق قبوڵ ناكات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك بە كاربهێنرێت و هەمووان دەیانەوێت چەك بە تایبەتی لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە گرفتێك لە گواستنەوەی نەوتدا كرد بەهۆی نەبوونی كەشتییەكی هەڵگری نیشتمانی، ڕوونیشیكردەوە كە ئاسانكاری بۆ هەندێك تانكەر هەیە كە نەوتی عێراقی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازنەوە، گەرووەكەش كاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە، نەك تەنها عێراق.
سەبارەت بە شەڕەكەش وتی : ئەمریكا دەیەوێت ڕێككەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە بكرێت، ڕوونیشیكردەوە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراق هات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها عێراق پێویستی پێی نەماوە، و كشانەوەیەكەی لە 30ی ئەیلولدا ڕوودەدات.
سەبارەت بە بابەتە ئەمنییەكان، سەرۆك كۆمار دووپاتی كردەوە : كە ئامادەبوونی توركیا لە باكووری وڵات هەیە، هەروەها عێراق دەیەوێت ئاشتی لەگەڵ توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەرقەرار بكات، ئاماژەی بەوەشكرد پێشمەرگە دامەزراوەیەكی دەستوورییە و ڕۆڵی خۆی لە هەرێمی كوردستاندا دەگێڕێت، هەروەها لایەنێكیش نییە لە پرسی كۆنتڕۆڵكردنی چەكدا.
سەبارەت بە كاروباری ناوخۆش دووپاتی كردەوە: كە حكومەتی ئێستا دەستی بە چارەسەركردنی هەموو كێشەكان كردووە و بە دۆسیەی ئابووری بەرەو پێشەوە دەچێت، جەختیشی لەوە كردەوە كە بەبێ ئاسایش و سەقامگیری عێراق هیچ ئاسایشێك بۆ ناوچەكە نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد : هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زێدان، دەكەوێتە خانەی كردەوەی تیرۆریستی و پێشینەیەكی مەترسیدار پێكدەهێنێت.
لەبارەی بابەتی یاسادانانەوە، سەرۆك كۆمار دووپاتی كردەوە : كە گرنگترین یاسا یاسای نەوت و غازە، ڕوونیشیكردەوە كە كێشەی لە نێوان بەغدا و هەولێر دروستكردووە، ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكایەتی كۆمار دۆسیەكانی لێبوردنی گشتی دەنێرێت بۆ دەسەڵاتی دادوەری، كە ئەو دەزگایە كە بیر لەوە دەكاتەوە كە ئایا ئەوانیش بەشدارن یان نا، ئاماژەی بەوەشكرد 14 هەزار كەس كە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە ساڵی 2006ەوە لە زیندانەكاندا بوون.