بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەتحوڵڵا حسێنی، نوێنەری خەڵکی قەسر شیرین، سەر پول زەهاب و گیلان غەرب لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە سەر پێویستی بەهێزکردنی ژێرخانی سنووری و زیادکردنی بازرگانی و کەڵک وەرگرتن لە توانای ئاڵوگۆڕی دیپلۆماسی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق کردەوە.

ناوبراو هەروەها داوای ڕێکخستنی چالاکییەکانی هەندێک کۆمپانیای نافەرمی لەسەر سنووری سۆمار و پەرویزخان کرد و داوای لە وەزیری دەرەوە کرد، بە ڕاوێژکاری لەگەڵ لایەنی عێراقی، بنەمای نەهێشتنی چالاکی نافەرمی و ڕوونکردنەوەی پرۆسەی بازرگانی و سنووری، دابین بکات.

حوسێنی لە درێژەدا، زیادکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، ئاسانکاری هاتووچۆ و پتەوکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زیارەتکاران، بە پێویست بۆ پەرەپێدانی سنوورەکانی ڕۆژئاوای کرماشان زانی و هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی بۆ کردنەوەی سنووری سۆمار بەڕووی زیارەتکاراندا بە بەرز نرخاند.

سۆمار؛ لە دەروازەی نوێی زیارەتکارانەوە بۆ تەوەری گەشەپێدانی بازرگانی

هەر لەم دیدارەدا، حشمەت ڕەزایی پارێزگاری گیلان غەرب، بە پێویستی زانی ژێرخانی سنووری سۆمار پەرەپێبدرێت و لە توانای دیپلۆماسی بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی ئابووری و کولتووری لەگەڵ عێراقدا، کەڵک وەربگرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە هاتووچۆی نزیکەی 100هەزار زیارەتکار لە ساڵی داهاتوودا لە سنووری سۆمارەوە، جەختی لە پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، خزمەتگوزاری، و خۆشگوزەرانی ئەم سنوورە کردەوە و وتی: سۆمار دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگتر لە بازرگانی و گەشتیاری و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان هەردوو دیوی سنوورەکەدا بگێڕێت.

هەر لەم دیدارەدا عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە گرنگی ئەو بابەتانەی کە وروژێنراو و بەدواداچوونیان لە چوارچێوەی ئەرک و تواناکانی دەزگای دیپلۆماسیدا، کردەوە.

سنوورەکانی کرماشان لە گرینگترین ڕێگاکانی پێوەندی ئابووری نێوان ئێران و عێراقن و خوسرەوی و پەرویزخانیش پشکێکی بەرچاویان لە هەناردەکردنی ئەو پارێزگایە هەیە. ئێستا بەدواداچوون بۆ کاراکردنی توانای سۆمار و لابردنی ئاستەنگەکان لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوا دەتوانێت ڕێگەیەکی نوێ بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و  ناوچەییەکان لەگەڵ عێراقدا بکاتەوە.