بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکی ژوورە بازرگانییە هاوبەشەکان لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە کێشەکانی دەستەبەرکردنی دراوی بیانی، تۆمارکردنی فەرمان، پڕۆسەی گومرگی، گواستنەوە و سنووردارییەکان کە دەرئەنجامی گەمارۆکانە، کرد و جەختیان لە بەکارهێنانی ئەزموونی ژوورە هاوبەشەکان کردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی.
هاوکات بریکاری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی ژووری بازرگانی ئێران خستنەبازاڕی یاریدەدەرێکی ژیری دەستکردی بۆ چاودێریکردنی بازاڕە ئامانجدارەکان ڕاگەیاند و وتی: ئەم سیستەمە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ شەش وڵاتی ئەفغانستان، چین، عێراق، پاکستان، ڕووسیا و تورکیا داڕێژراوە و زانیاری و پێشهاتەکانی بازاڕ لەو وڵاتانە بە شێوەیەکی ڕۆژانە، هەفتانە و مانگانە پێشکەش بە چالاکانی ئابووری دەکات.
ئەو بارهەڵگرانەی کە ماتڵ بوون؛ تەحەدایەک لەسەر سنوورەکانی عێراق
یەحیا ئالئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، ئاماژەی بە کێشەی ئەو بارهەڵگرانە کرد کە لە سنوورەکاندا ماتڵ بوون و وتی: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە نییە، عێراقیش لە حاڵی پرۆسەی دروستکردن و یەکخستنی سیستەمی گواستنەوە و گومرگی خۆیدایە؛ پرۆسەیەک کە کێشەی دروست کردووە و لایەنی عێراقیش داوای هاوکاری ئێرانی کردووە بۆ ڕێکخستنی.
ناوبراو هەروەها پرسی بەکارهێنانی سەرچاوە داواکارییەکانی ئێرانی لە عێراق بۆ گەرەنتی کۆمپانیاکان ڕاگەیاند و وتی: ئەم بابەتە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی گشتی بانکی ناوەندی، بۆ عێراق وروژێنراوە و دەتوانێت یارمەتی چالاکانی ئابووری بدات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا چالاکوانانی کەرتی تایبەت جەختیان لەسەر پێویستی ڕێکخستنی پرۆسەکانی بازرگانی و لابردنی ئاستەنگەکانی دراو و گومرگی و کەمکردنەوەی بڕیارە سنووردارەکان کردەوە.
بریکاری خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی هەروەها ڕایگەیاند، ئاسانکاری بازرگانی و ڕێکخستنی ڕێکارەکان لە بەرنامەی کاردایە و هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی کێشەی دراو نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئیزندان بە کاڵاکان و ڕەوتی بازرگانی دەرەکی.
سەرۆکەکانی ژوورە هاوبەشەکان هەروەها داوایان کرد پەیوەندی نێوان کەرتی تایبەت و دەزگا حکومییەکان بەهێزتر بکرێت و زیاتر لە توانا و زانیاریی ژوورە هاوبەشەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بازرگانی دەرەوە، کەڵک وەربگیردرێت.