کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی سێشەممە 25ـی ئابی 2026 لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، دوای جەنگە 40 رۆژەییەکەی ئەم دواییە، تاران سەرنجی ستراتیژیی خۆی خستووەتە سەر گەرووی هورمز و ئێستا ئەم دۆسیەیە بووەتە پرسی راستەوخۆی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.
غەریب ئابادی باسی لەوەش کرد کە هەوڵەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی باشووریی نایاسایی پێشێلکردنی رێککەوتنەکان بووە و بووەتە هۆی پێکدادانی سەربازی، بەڵام داخستنی گەرووەکە لەلایەن تارانەوە لە کۆتاییدا واشنتنی ناچار کرد لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات و مل بۆ داواکارییەکانی ئێران بدات.
ناوبراو وردەکاریی لێکتێگەیشتنی وڵاتەکەی لەگەڵ عومان خستەڕوو و روونیکردەوە کە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز بە تەواوی دادەخرێت و بڕیارەکەش بە فەرمی دەدرێتە رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO). بەپێی پلانە نوێیەکە، رێڕەوێکی کاتی بە پانیی نزیکەی 7 میل دروست دەکرێت کە هاوشێوەی ئۆتۆبانێکی دووساید دەبێت؛ بە جۆرێک رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ ناو کەنداو بە ئاوە نێوخۆییەکانی ئێراندا دەبێت و رێڕەوی دەرچوونیش لە ئاوە هەرێمییەکانی عومانەوە دەبێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا کەشتییەکان بە ناو ئاوەکانی ئێراندا تێدەپەڕن.
غەریب ئابادی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تاران لە ماوەی 58 ساڵی رابردوودا بەهۆی شێوازی تێپەڕبوونی کەشتییەکانەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، بۆیە ئەم رێککەوتنەی ئێستا کاتییە و لە ماوەی 30 تاوەکو 60 رۆژی داهاتوودا دانوستان لەگەڵ عومان بەردەوام دەبێت بۆ داڕشتنی رێڕەوێکی هەمیشەیی و دیاریکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووەکە لە داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشدا لەوەی کە ئەم لێکتێگەیشتنە بە مانای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز لە سبەینێوە نییە و دووپاتیکردەوە کە تاوەکو سەرجەم مەرج، رێکار و داواکارییە ئەمنییەکانی تاران بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.