به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بریکاری زانستی تەکنۆلۆژیا و ئابووریی زانست ــ بنەما لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کرماشان ڕایگەیاند که 30 میلیارد تمەن بۆ دروستکردن و خستنەبازاڕەوەی ناوەندێکی هەناردەکردن بۆ بەرهەمە زانست ــ بنەما و تەکنۆلۆژییەکان لەم پارێزگایەدا تەرخان دەکرێت.

حوسێن ئەفشین وتی: مەبەست لە دروستکردنی ئەم ناوەندە یارمەتیدانی ڕەوتی بەرهەمە زانست ــ بنەما و تەکنەلۆژییەکان و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیاکانی پارێزگاکە و بازاڕەکانی دەرەوە و کەڵک وەرگرتن لە توانا تایبەتەکانی کرماشان لە بواری بازرگانی و هەناردەکردندایە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: لەم کۆی قەرزە، دەتوانرێت 10 ملیار تمەن خەرج بکرێت بۆ باشترکردن و ئامادەکردنی شوێنی ناوەندی هەناردەکردن، هەروەها 20 ملیار تمەنی دیکەش بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدانی چالاکییەکان و دروستکردنی ناوەندێکی چالاک و کاریگەر بۆ هەناردەکردن تەرخان دەکرێت.

بریکاری زانستی سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ناوەندە نابێت تەنها لە فەزای فیزیکی یان لەژێر ناونیشانێکی کارگێڕیدا سنووردار بێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی داهاتوودا بخرێتە قۆناغی کارپێکردنەوە.

خستنەبازاڕی ناوەندی هەناردەکردنی کرماشان لە حاڵێکدا لە بەرنامەی کاردایە کە، پلانەکانی دیکە لە سەردانەکەی بریکاری زانستی بۆ پارێزگاکە تاوتوێ کران، هەروەها باس لە توانای سنووری کرماشان بۆ پەرەپێدانی هەناردەکردنی بەرهەمە زانست ــ‌بنەماکان بۆ بازاڕی عێراق کرا؛ بازاڕێک کە دەتوانێت یەکێک بێت لە گرنگترین شوێنەکانی بەرهەمە تەکنەلۆژییەکان لە ڕۆژئاوای وڵاتدا.

ئەفشین هەروەها ئاماژەی بە پێگەی کۆمپانیا زانست ــ بنەماکانی کرماشان کرد و وتی: ئەم پارێزگایە کە 103 کۆمپانیای زانست ــ بنەمای هەیە و لە ڕووی ژمارەی کۆمپانیاکانەوە لە پلەی 17ی وڵاتدایە، لە فرۆشی بەرهەمە زانست ــ بنەما، لە پلەی شەشەمی وڵاتدایە.

بە وتەی ناوبراو، فرۆشی بەرهەمە زانست ــ بنەماکانی کرماشان لە ساڵی 1404دا گەیشتووەتە نزیکەی 33.7 هێمەت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ توانای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیای ئەو پارێزگایە بۆ گۆڕینی زانست و داهێنان بۆ بەرهەم و بازاڕ.

ناوبراو هەروەها پشتیوانی بۆ پەرەپێدانی زنجیرە بەهاکان لە کرماشان ڕاگەیاند و دەشڵێت: لە چوارچێوەی پلانی "نۆئا"دا، نزیکەی 50 ملیار تمەن پارە بۆ پشتیوانی لە بیرۆکە و پڕۆژە تەکنەلۆژییەکانی پارێزگاکە تەرخان کراوە، کە بەشێکی زۆری بۆ زنجیرە ئەولەویەتەکان تەرخان دەکرێت، لەوانەش کشتوکاڵ و قیری سروشتی. 

بریکاری زانستی سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە: ئامانج لەم پاڵپشتییە تەنها زیادکردنی ژمارەی کۆمپانیاکانی زانست ــ بنەما نییە، هەروەها پێویستە توانا تەکنەلۆژییەکانی پارێزگاکە بگۆڕدرێن بۆ بەرهەم و بازاڕ و بەهای ئابووری و دامەزراندنێکی بەردەوام.