ڕۆژی پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئێران کرد کە پێکهاتبوون لە خاتوو “حۆریوەش عەسکەری” بەڕێوەبەری دەرچواندنی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی ئۆتۆمبێل و “مەهدی عەلەمدار” بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و گەشەپێدانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران و شاندێکی یاوەریان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەروازەی حاجی ئۆمەران، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە ماوەی ڕابردوودا دەهاتنە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ وڵاتی ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوای گفتوگۆیەکی چڕ و ورد، توانرا رێکار و میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕێگەپێدانی ئۆتۆمبێلە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو خاکی ئێران دابنرێت.”
ئیدارەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا رێکارەکان پەسەند کراون و لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا و دوای تەواوبوونی هەنگاوە کارگێڕییەکان، گرفتەکە بە یەکجاری چارەسەر دەبێت. بەمەش هاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی ئێران بکەن، و بڕیارە کاتی دەستپێکردنی پڕۆسەکەش بە فەرمی بە هاوڵاتیان ڕابگەیەنرێت.