تۆسین ئەدارابیۆ بیڤیۆ، بەرگریکاری ئینگلیزی تەمەن 28 ساڵی یانەی چێڵسی، لە لێواری گواستنەوەی چاوەڕواننەکراودایە بۆ یانەی تۆتنهام؛ گواستنەوەیەک کە دەکرێت یەکێک بێت لە سەرنجڕاکێشترین گواستنەوەکانی پریمەرلیگ لە کۆتا کاتژمێرەکانی پەنجەرەی هاوینەی 2026دا.

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، تۆتنهام دانوستانەکانی لەگەڵ چێڵسی دەستپێکردووە بۆ وەرگرتنی تۆسین، ئەم گواستنەوەیەش وەک بژاردەیەکی جددی بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری سپێرزی ئینگلیزی وروژێنراوە.

هۆکاری سەرەکی گرنگیدانی تۆتنهام بۆ تۆسین، بارودۆخی کیڤن دانسۆیە. بەرگریکارە نەمساییەکە بە تۆتنهامی ڕاگەیاند کە بەنیازە بڕوات و سەندەرلاندیش چووەتە دانوستانەکان بۆ وەرگرتنی یاریزانەکە. ئەگەر دانسۆ بڕوات، تۆتنهام پێویستی بە بەرگریکاری نوێی ناوەڕاست دەبێت و تۆسینیش بووەتە بژاردەی سەرەکی یانە لەندەنییەکە.

تۆسین لە ساڵی 2024 بەشێوەیەکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە چێڵسیەوە کرد، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ فولهام و لە لە سەرجەمی پاڵەوانێتییەکاندا 70 یاری ئەنجام داوە و 7 گوڵیشی تۆمارکردووە. بەڵام لەم وەرزەدا فۆرمەکەی بەو شێوەیە باش نەبووە و کێشەی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی جێگەیەکی ئاسایی لە یانە سەرەکییەکەی چێڵسی لە سەردەمی ژابی ئەلۆنسۆدا بدۆزێتەوە. تەنانەت لە دوو یاری یەکەمی چێڵسی لە پرێمەرلیگدا بەشداری نەکرا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی گواستنەوەی یاریزانان، دەکرێت گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانەکە بە خێرایی بڕواتە پێش؛ بەڵام بۆ ئێستا ئەمە وەک گفتوگۆیەکی جددی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت نەک وەکوو هەنگاوێکی فەرمی. ئەگەر دانسۆ تۆتنهام بەجێبهێڵێت، ئەوا ئەگەری گواستنەوەی تۆسین بۆ باکووری لەندەن بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.