بە پێی ڕاپۆرتی جام کورد، لە میانەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی بازاڕی سنووری تیلەکۆ، فەتحوڵڵا حسێنی بە ئاماژە بە توانا سنوورییەکانی کرماشان ڕایگەیاند: دەبێ پەرەپێدان و ڕێکخستنی سنوورەکانی ناوچەکە بە جددی بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا سنوورگەلێک وەک تیلەکۆ و سۆمار بتوانن ببنە ناوەندێکی ئابووریی چالاک.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، پرسی کردنەوە و پەرەپێدانی سنووری سۆماریش بەدواداچوونی بۆ کرا و لایەنی عێراقیش ئامادەیه بۆ کردنەوەی ئەم سنوورە؛ بۆیە پێویستە لایەنی ئێرانیش بە جددی بەدوای ئەم پرسەدا بچێت.

حوسێنی بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە سنوورییەکان لەگەڵ عێراقدا وتی: خەڵکی هەردوو دیوی سنوورەکە پەیوەندی خێزانی و مێژوویییان هەیە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان بەرپرسانی ئێران و عێراقی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە و چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان.

نوێنەری خەڵکی سەر پولزەهاب، بە ئاماژەدان بە خەسارەکانی سەر پولزەهاب و قەسر شیرین و گیلان غەرب لە کاتی شەڕ و ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوودا، ڕایگەیاند: خەڵکی ئەو ناوچانە بەردەوام پاڵ بە پاڵی وڵات و حکومەت وەستاون و چاوەڕێ ئەوە دەکەن کە کاریگەرییەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان لە ژیان و بژێوی ژیانیاندا ببینن.

ناوبراو خوازیاری بەدواداچوونی پرسی پەرەپێدان و ڕێکخستنی سنوورەکانی ناوچەکە لەسەر ئاستی حکومەت بوو و وتی: پێشبینی دەکەین سنووری تیلەکۆ و سنوورەکانی دیکەی ناوچەکە بەشێوەیەک چالاک بن کە بتوانن ببنە میحوەرێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی ئابووری وەک پەرویزخان و خوسرەوی.

حوسێنی هەروەها ئاماژەی بە ڕێوشوێنەکانی ڕێکخستنی پرسی کۆڵبەری کرد و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆڵبەری لە قەسر شیرین و گیلان غەرب دراون.

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە پڕۆژە ئاوییەکانی ناوچەکە کرد و وتی: زیاتر لە 23 هەزار هێکتار زەوی وشکی ناوچەکە گۆڕدراوە بۆ ئاوی، کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی کشتوکاڵ و ڕێگریکردن لە کۆچکردنی خەڵکدا.

نوێنەری خەڵکی ناوچەکە هەروەها داوای دیاریکردنی دۆخی ئەو زەویانەی کرد کە لە پڕۆژەکانی ئاویدا هێشتا نادیارن و زیادی کرد: نزیکەی 3 هەزار هێکتار لە زەویەکانی ناوچەکە پێویستی بە تەواوکردنە، لەگەڵ جێبەجێکردنیدا، دەتوانین شایەتحاڵی گەشەسەندنی زیاتری کشتوکاڵی هەرێم بین.

لە کۆتاییدا، حوسێنی بە ئاماژەدان بە پچڕانی کارەبا لە ناوچە گەرمەکانی پارێزگاکە، داوای خێراکردنی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی وەزارەتی وزە بۆ کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبای کرد و جەختی لەوە کردەوە: چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان پێویستی بە هاوکاری و بەدواداچوونی جددی هەیە لەلایەن هەموو دەزگاکانەوە.