بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەباس عەلی ئابادی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سنووری تیلەکۆ لە شاری سەر پولزەهاب ڕایگەیاند: خۆشگوزەرانی بازاڕە سنوورییەکان و پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بابەتگەلێکن کە حکومەت پاڵپشتییان دەکات و جێبەجێکردنی ئەو پلانانەش پێویستە بەهێزەوە و بە وردی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە کردنەوەی بازاڕی تیلەکۆ وتیشی: لەو ماوەیەدا کە بەرپرسی وەزارەتی پیشەسازی و کانگا و بازرگانی بووم، پەرەپێدان و گەشەی بازاڕە سنوورییەکان لە بابەتە گرنگەکان بوون، ئەمڕۆش دڵخۆشم کە بازاڕی تیلەکۆ یەکەم هەنگاوی چالاکییەکانی ناوە.
وەزیری وزە جەختی لەوە کردەوە: پێویستە هاوکاری ئەم سنوورە بکەین بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی پڕۆفشناڵ و ورد بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوری لەگەڵ عێراق و لەم ڕووەوە وەزارەتی ئابووری و حکومەت پشتیوانی ئەم توانایە دەکەن.
عەلی ئابادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە توانای وزەی کرماشان کرد و وتی: ئەم پارێزگایە لە ڕووی بەرهەمهێنانی کارەباوە خۆبژێوە و نزیکەی 2 هەزار و 300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا بەکارهێنانی کەمتر لە 1هەزار و 300 مێگاواتە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە کردنەوەی وێستگەیەکی کارەبای بازنەی پێکەوەیی لە پارێزگاکە کرد و زیادی کرد: ئەم وێستگەی کارەبایە یەکێکە لە وێستگە کاراکانی وڵات، بە کارایی نزیکەی لەسەدا 60.
وەزیری وزە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی کارەبا ڕایگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا تەنها بە زیادکردنی بەرهەمهێنان ئەنجام نادرێت و ئەگەر بەکارهێنان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بەڕێوەنەبرێت، زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان ناتوانێت پێداویستییە گەشەسەندووەکان دابین بکات.
ناوبراو هەروەها بەرنامەی وەزارەتی وزەی بۆ بەشداری گشتی لە پەرەپێدانی وێستگەکانی کارەبا ڕاگەیاند و وتیشی: بەم نزیکانە تۆمارکردن بۆ دروستکردنی وێستگەکانی کارەبا دەستپێدەکات بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن ببنە خاوەن پشکی وێستگەکانی کارەبا تەنانەت بە سەرمایەی کەمیشەوە.
عەلی ئابادی لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە کاریگەرییەکانی شەڕی ئەم دواییە لەسەر پیشەسازی کارەبای وڵات وتی: ئەو زیانانەی بەر بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا کەوتوون بووەتە هۆی گرفت لە بەڕێوەبردن و دابەشکردنی توانای بەرهەمهێناندا، بەڵام هەوڵەکانی وەزارەتی وزە بۆ دابینکردنی وزەی بەردەوام، بەردەوامە و ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن.
وەزیری وزە هەروەها سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو وتی: "بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینی بارانبارین و پێویستی دابینکردنی ئاو لە وەرزی زستاندا، پێویستە سەرچاوەکانی ئێستا بە ژیرانە بەڕێوەببرێن و بۆ ناوچە هەستیارەکان پاشەکەفت بکرێن.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لە بەکارهێنانی توانای ئەکادیمی و زانیاران و پسپۆڕان کردەوە بۆ بەڕێوەبردنی کێشەکانی ئاو و کارەبا.