مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامێکی بە بۆنەی ڕووداوە سەختەکەی ڕێگەی سنە هەمەدان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، رووداوی تاڵی تەقینەوەی تانکەری سووتەمەنی لە ڕێگای سنە – هەمەدان و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئازیزمان بووە هۆی خەمێکی قووڵ.

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: “لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە خەمبارەکان و خەڵکی کوردستان دەکەم، پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەپەلە چارەسەرکردنی بریندارەکان، پاڵپشتیکردنی بنەماڵەکان و لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتە بخەنە لە پێشینەی کارەکانیان”.

دوێنی ئێوارە تانکەرێکی سووتەمەنی لە ڕێگەی سنە-هەمەدان تەقییەوە کە گیانلەدەستدانی 11 هاووڵاتی و برینداربوونی ٧ هاوڵاتی دیکەی لێکەوتەوە.

بە هۆی ڕووداوەکەوە ئەمڕۆ و سبەینێ لە پارێزگای کوردستان ماتەمینی ڕاگەیەندرا.