جام کوردی - زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە حوسییەکان لە یەمەن دەستیان بەسەر "حسێن موراد"دا گرتووە، ئەو خاڵەی دەکەوێتە سەر ساحلی یەمەن و تەسکترین خاڵی گەرووی باب المندبە بە پانیی (۲٥) کیلۆمەتر.
بەمه‌ش کۆنتڕۆڵکردنی باڵ کەناراوەکانی دەریای سووریان لە درێژایی گەرووەکەدا تەواو کرد، ئەوەش لە ماوەی (۲٤) کاتژمێردا دوای دەستبەسەرداگرتنی موخا، زوباب و دوورگەی زوقەر. حوسییەکان نزیکبوونەتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی گەرووی باب المندب.
بەپێی ئەمەش، گەرووی هورمز، کە کۆنتڕۆڵی (۲۰٪)ی جووڵەی گواستنەوەی نەوت دەکات و گەرووی باب المندب کە (۸٪)ی بازرگانیی نەوتی پێدا تێپەڕدەبێت، دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی هاوپەیمانیی ئێرانی-یەمەنییەوە.
ئەمەش واتە ئەم هاوپەیمانییە دەبێتە بڕیاردەر لە دیاریکردنی نرخەکانی نەوتی جیهانی، کە بە ڕێژەی (۱۰٪) بەرزبوونەتەوە، هەروەها هەڵئاوسانیش. لەوەش گرنگتر، ئەم هاوپەیمانییە دەبێتە دیاریکەری ڕێژەی سوودی بانکی فیدراڵیی ئەمریکی، کە بەهۆی گەمژەیی کۆشکی سپییەوە بژاردەکانی نەماون.
گەشەسەندنەکانی باب المندب بانکی فیدراڵیی ئەمریکییان خستووەتە بەردەم هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزەوە: هەڵئاوسانی وزە لە لایەک و گوشاری گەشەسەندن لە لایەکی ترەوە، کە ئەمەش مەودای مانۆڕدان لە بەرامبەر ڕێژەی سووددا بەرتەسکدەکاتەوە..
سوپای تەواوی وڵاتانی جیهان لە خێرایی و وردی کۆنتڕۆڵکارییەکانی ئەنسارولڵا دەکۆڵنەوە. ئەوان دەستیان بەسەر زیاتر لە (۲۰۰۰) کیلۆمەتر دووجار لە زەوییدا گرتووە لە ماوەی نزیکەی (۳۰) کاتژمێر شەڕی بەردەوامدا..
تەنانەت پچڕاندنی پەیوەندییەکانی جەزائیر لەگەڵ ئیماراتدا، ڕێک لەم کاتەدا، ناکرێت تەنها، وەک ناکۆکییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی سەیر بڕوانرێت؛ بەڵکو پەیامێکی جیۆپۆلەتیکی ڕوون هەڵدەگرێت، کە لە سنووری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەردەچێت، ئەویش کێشانی دووبارەی سنووری دەسەڵات و هەژموونە لە باکووری ئەفریقا و وڵاتانی ساحلی ئەفریقادا و گەمارۆدانی ئامرازەکانی دزەکردن و ئاژاوەگێڕی و چاودێریی بەستراوە بە پرۆژەی سەهیۆنی-ئەمریکی لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی هەنگاوەکەی جەزائیر زۆرتر دەبێت ئەگەر لە سیاقێکی بڵاوتردا دایبنێین؛ جەزائیر تەنها نەچووەتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئه‌بو زه‌بیدا، بەڵکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەغریبیشدا پچڕاندووە، کە یەکێکە لە دیارترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ.
بۆیە، ئەوەی ڕوودەدات، وەک زنجیرەیەک لە ناکۆکیی دابڕاو دەرناکەوێت، بەڵکو نزیکترە لە ململانێیەکی هەژموون، کە ئایندەی ناوچەکە دیاریدەکات.
ڕێڕەوە جوگرافییەکان، سەرەڕای دوورییان لە یەکتری لە مەیدانی جەنگدا، تەواوکەری یەکترین.
جەزائیریش لەلای خۆیەوە دەتوانێت ڕۆڵی پۆلیس لە ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاستدا بگێڕێت هەروەکچۆن لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا گێڕاویەتی، بەتایبەت، کە دەروازەی پێشەوەی گەرووی جەبەل تاریقە، کە بەشێکی گەورەی پێداویستیی وزەی هاتوو لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ئەمریکاکان، ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێپەڕدەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستیی پاڵاوگە ئەوروپییەکان..
سەختە فەرامۆش بکرێت، کە هاوکاتییەکی ستراتیجی و خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلەتیکی یەکگرتوو لە نێوان باب المندب و ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاستدا هەیە؛
ئەمە بوونی یەک ژووری ئۆپراسیۆن نانوێنێت، بەڵام ئاشکرایدەکات، کە نەیارەکانی واشنتۆن دەستیان بە جووڵە کردووە بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی جوگرافیای ڕێڕەوە حەیاتییەکانی وزە.
ڕووداوەکان لە جیهانی سیاستیدا بە ڕێکەوت دروستنابن، هاوکاتبوونیان هەندێکجار لە خۆی ڕووداوەکە گرنگترە. لە نێوان هورمز، باب المندب و جەبەل تاریقدا، نەخشەی وزەی جیهانی وەها دەرەکەوێت، کە سەرلەنوێ دەکێشرێتەوە؛ لە کاتێکدا نرخەکانی نەوت لەسەر شاشەکانی ئاڵوگۆڕی ئەمریکیدا تەنها جووڵەی بازاڕەکان ناخوێننەوە، بەڵکو شتێکی گەورەتر ئاشکرا دەکەن: کە کلیلی ئەو ڕێڕەوانەی وزەی جیهان هەڵدەگرن بەرەبەرە لە دەستی واشنتۆن دووردەکەونەوە.. ڕەنگە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرەبەری سەرلەنوێ دارشتنەوەی یاساکانی یارییە جوگرافییەکەدا بێت بەبێ کۆشکی سپی، کە جەنگی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە حەیاتییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆڕاند.
کۆمیدییەکە لەوەدایە ترەمپ هیچ کارێک بەرامبەر ئەمە ناکات و تەنها تەماشاکارە لە کاتێکدا تووشی شکستێکی سەختدەبێتەوە، چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێس، لە کاتێکدا ترەمپ پێویستی بە قەیرانێکی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە سەرکەوتنێکە بتوانێت پێشکەشی دەنگدەری ئەمریکی بکات.
وەرگێڕان/ لە پەیجی یادگار عەلی وەرگیراوە