بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەیسەم فەرهیختە بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی خوسرەوی، بە ئاماژەدان بە دوایین دۆخی ئەم سنوورە، ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە پڕۆسەی هاتووچۆی گەشتیاران و چالاکییە سنوورییەکان لە تێرمیناڵی خوسرەویدا، نەبووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: هاتووچۆی گەشتیاران، جوڵەی کەلوپەلی ترانزێت و هەناردەکردنی کاڵاکان لە ڕێگەی ئەم سنوورەوە هێشتا بەردەوامن و هیچ پچڕانێک لەو بەشانەدا لەژێر هەلومەرجی ئێستادا ڕاپۆرت نەکراوە.

هەروەها داریوش سادقی، بەڕێوەبەری گومرگی خوسرەوی، درێژەی چالاکییە بازرگانی و هەناردەییەکانی لەم سنوورە ڕاگەیاند و وتی: خزمەتگوزاری گومرگی و ڕێکاری پەیوەست بە باری هەناردەکردن تا ئێستاش بەڕێوەدەچن.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە سنووری خوسرەوی لە ناوچەی قەسرشیرین سەرەڕای پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و داخستنی کاتی بەشێک لە دەروازە سنوورییەکان، کراوەیە و چالاکیی بازرگانی و هەناردەکردن لەوێدا، بەردەوامە.

پرسی سنووردارکردنی سنوورەکانی عێراق لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە دوابەدوای هێرشکردنە سەر بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوای سعودیە، حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنی تایبەتی ئیداری و ئەمنی لە ژمارەیەک دەروازەی سنوورییەکاندا دەستپێکردووە؛ ئەو ڕێوشوێنانەی کە بووە هۆی داخستنی کاتی هەندێک لە سنوورەکان.

دەزگای هەواڵگری ئاسایشی عێراق ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە زانیارییەکان و لێکۆڵینەوەی یاسایی بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی بارودۆخ و فاکتەری ئەو پێشێلکارییانەی کەوا لەو دەروازەیانەدا ڕوویانداوه .

بەپێی هەمان ڕاگەیاندن، هێشتا دەروازەکانی زەرباتیە و ئەلمەنزەریە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاراندا کراوەن.

هەروەها ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژەیان بە داخستنی کاتی سنوورەکانی شەڵەمچە و چەزابە لەگەڵ عێراق کردووە؛ پرسێک کە هاوکات بوو لەگەڵ، دوابەدوای ڕاگەیاندنی پارێزگای خوزستان سەبارەت بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ ئەو گەشتیارانەی کە لە هەردوو دیوی سنووری چەزابە و شەڵەمچە گیریان خواردووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، گەشتیاران دەرفەتی سنوورداریان هەبوو بۆ بەزاندنی سنوورەکان، دوای ئەوە سنووردارکردنەکان دووبارە سەپێندرانەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو ڕێوشوێنانەی لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران گیراونەتەبەر کاتیین و ئامانجیان ڕێکخستنی چالاکییەکان و زیادکردنی ئامادەیی ئەمنییە.

هاوکات ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران دەنگۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نەجەف و بەغدای ڕەتکردەوە و ڕایدەگەیەنێت کە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئەو دوو شوێنە بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە کاردەکەن.

هەروەها ڕێکخراوەکە داخستنی فڕۆکەخانەی بەسرەی بە پەیوەندی بە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق و سروشتی سەربازی ئەم فڕۆکەخانەیەوە زانیوە.

بەڵام بەردەوامی چالاکی سنووری خوسرەوی بۆ کرماشان بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکه ئەم دەروازەیە جگه له ڕۆڵی له هاەووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاراندا، بە یەکێک لە ڕێگا گرنگەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەی کاڵا و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق دادەنرێت.

هێشتنەوەی ئەم سنوورە بە کراوەیی، لە دۆخی سنووردارکردنی کاتی بۆ هەندێک دەروازە، دەتوانێت ڕێگری لە پەککەوتنی بازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەل لە ڕۆژئاوای وڵاتدا بکات.

تایبەت بە جام کوری