بەپێی زانیارییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە کە بە نهێنی ئەنجامدراوە، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری مەسقەت بەڕێوەچووە و دەوڵەتی عومانیش وەک نێوەندگرێکی ناوچەیی، ڕۆڵی سەرەکیی لە ڕێکخستنی ئەم دیدارەدا بینیوە.

هەڵوێستی ئەمریکا و ئەنساروڵڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەنساروڵڵا لەگەڵ دەوڵەتەکەی پەیوەندییان گرتووە و داوایان کردووە واشنتۆن لە جەنگی یەمەن بەدوور بێت. جی دی ڤێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکاش ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە واشنتۆن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو گرووپە هەیە.

بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەم دیدارەدا نوێنەرانی ئەنساروڵڵا بەڵێنیان داوە کە هیچ نیازێکیان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان نییە و پابەند دەبن بە ئاگربەستی ٢٠٢٥ لەگەڵ ئەمریکا. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرش ناکەنە سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان یان هیچ کەشتییەکی بازرگانی، تەنیا ئەو کەشتییانە نەبێت کە سەر بە سعودییەن.

بەشداربووانی دیدارەکە و پەیامی واشنتۆن

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەو دانیشتنەدا، محەممەد عەبدولسەلام (بەرپرسی باڵای ئەنساروڵڵا) و عەبدولمەلیک ئەلعەجیری ئامادە بوون. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم دیدارە، ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە "پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سوور و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان."

دۆخی مەیدانی

ئەنساروڵڵا ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووری یەمەنیان کردووە، لەوانەش بەندەری مێژوویی "مۆخا" و دوورگەی "پەریم" لە گەرووی باب‌ولمەندەب کە بە "دەروازەی فرمێسک" ناسراوە.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ، داوای پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکای کردووە، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، واشنتۆن بە ڕیازی ڕاگەیاندووە کە ڕاستەوخۆ تێوەگلان لەم شەڕەدا ناکات.