بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدون ئەلساعدی، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق بە لەبەرچاوگرتنی زۆرێک لە هاوبەشییەکانی نێوان دوو وڵات و ئاستەنگە ئابوورییەکانی ئێستا، هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: سەرەڕای قەبارەی بەرچاوی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، تواناکانی ئێستا بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاو لەم ئاڵوگۆڕانەدا.
کونسوڵی گشتی عێراق لە کرماشان ڕایگەیاند: ئێران پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە دابین کردنی پێداویستییەکانی بازاڕی عێراقدا، هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانی وڵاتی ئێران دەتوانن پشکێکی زیاتر لە بازاڕی وڵاتی عێراق، داگیر بکەن.
ئەلساعدی بە ئاماژەدان بە کێشەکانی ئاوی عێراق وتیشی: لە ساڵانی داهاتوودا وڵات پێویستی بە بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتر دەبێت، هیوادارین ئەو بەرهەمانە لە کاڵا سەرەکییەکانی هاوردەکراوی عێراقدا بن.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بە بوونی پێنج سنووری فەرمی و بازاڕێک له کرماشاندا وتی: ئەم توانایانه دەرفەتێکی گرنگن بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق و بە هاوکاریی بەرپرسانی هەردوولا دەتوانرێت توانا سنوورییەکانی پارێزگاکه بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕ و قووڵترکردنی پەیوەدییه ئابوورییەکان بەکار بهێنرێت.