جام کوردی - ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی رۆژانی دوایی لە رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتی ئێران تەنیا وەک زنجیرەیەک کردەوەی پەرژوبڵاو، تیرۆری تاکەکەسی و پێکدادانی سنووری ببینین، ئەوا لەوانەیە گرنگترین بەشی ڕووداوەکەمان نەبینیبێت. کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە لە پیرانشار مامۆستایەکی ئایینیی سوننی کراوەتە ئامانجی هێرشێکی چەکداری، لە راسک فەرماندەی حەوزەیەکی بەسیج تیرۆر کراوە و چەند رۆژێک پێش ئێستاش دوو هێزی سەربازی لە ناوچەی کۆرینی زاهیدان گیانیان لەدەست داوە. کێشە گرنگترەکە، ئەو زەمینەیەیە کە ئەم رووداوانەی تێدا روو دەدات و ئەو توانستەیە کە دەتوانێت ئەم کردەوانە لە ئاستی کردەوەیەکی ئەمنی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی «پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی.»
تیرۆرەکانی ئەم دواییە لەم روانگەیەوە رووداوێکی شیاوی سەرنجن. ئامانجی ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانرێت تەنیا لە سڕینەوەی کەسێکدا کورت بکرێتەوە. کاتێک توندوتیژیی چەکداری لە ناوچەیەکی نەتەوەیی و ئایینیدا، کەسێک لە هەمان کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج، هەر جۆرە گێڕانەوەسازییەک لەبارەی رووداوەکەوە دەتوانێت کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی زۆر لە خودی کردەوەکە زیاتر ببات. چونکە تیرۆریزم کاتێک مەترسیدارتر دەبێت کە بتوانێت بۆ کردەوەکانی «زەمینەی کۆمەڵایەتی» بەرهەم بهێنێت. ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە دەبێت لەبارەیەوە وریا بین.
ئێران وڵاتێکی فرەڕەنگە؛ کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک، لوڕ، تورکەمەن، فارس و دیکەی گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەشگەلی تێکەڵاوی ناسنامەی نیشتمانیی ئێرانن. ئەم فرەییە، ئەگەر لە چوارچێوەی متمانەی بەرامبەر و هەستی هەبوونی پەیوەندیی هاوبەشدا بێت، سەرمایەیەکی گەورەی نیشتمانییە. بەڵام لە دۆخی قەیراندا، هەر ئەم فرەییە دەکرێت ببێتە ئامانجی ئۆپەراسیۆن و شەڕی دەروونی. ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنانە مەرج نییە دروستکردنی ناکۆکییەکی راستەقینە بێت لەنێوان خەڵکدا؛ هەندێک جار تەنیا ئەوەندە بەسە وێنەیەک دروست بکرێت کە «ئاسایش» لە بەرامبەر «ناسنامە»، «ناوەند» لە بەرامبەر «پەراوێز»، یان «نەتەوە و ئایینێک» لە بەرامبەر «نەتەوە و ئایینێکی تر» دانراوە. لەم خاڵەوە، رووداوێکی ئەمنی دەتوانێت بگۆڕێت بۆ پرسێکی کۆمەڵایەتی.
ئەم مەترسییە لە دۆخی ئێستادا جیددیترە. ئێران هاوکات لەگەڵ گوشارە ئابوورییەکان، گەمارۆ و ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا وەک گەمارۆی ئابووری بەدواداچوونی بۆ کراوە، رووبەڕووی گوشاری سەربازی و هەڕەشەی دەرەکیش بووەتەوە. لە وەها دۆخێکدا، دوژمنان بە ورووژاندنی درزە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی وڵات، بەدوای دروستکردنی بەرەیەکەی نوێ دژی ئێرانەوەن. ئەم بەرە نوێیە، چالاککردن و پڕچەککردنی گرووپە دژبەرەکانە کە بە پۆششی دەستەواژە و ناوی نەتەوەییەوە، بانگەشەی رزگارکردنی خەڵکی سنوورنشین دەکەن بەڵام لە کردەوەدا خەریکی رووخاندنی یەکگرتوویی نیشتمانین. ئەگەر هێرشی سەربازی بتوانێت ژێرخانێک بکاتە ئامانج و گوشاری ئابووری بتوانێت توانای بژێویی کۆمەڵگا ماندوو بکات، کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە نەتەوەییەکان دەتوانێت متمانەی نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بکاتە ئامانج. بۆ دوژمنانی ئێران، گۆڕەپانی ململانێ تەنیا جوگرافیا یان ئاسمان و دەریای ئێران نییە؛ حەز دەکەن جەستەی یەکگرتووی کۆمەڵایەتیی نیشتمانیش بکەنە گۆڕەپانی جەنگ.
بێگومان یەکێک لە پێویستییەکانی سیاسەتی ئەمنیی زیرەکانە ئەوەیە کە جیاکاری بکرێت لەنێوان ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، داواکارییە راستەقینەکانی خەڵک، تاوانی رێکخراو، قاچاخ، ململانێ لۆکاڵییەکان و تیرۆریزمی رێکخراو. هەموو کێشەکانی ناوچە سنوورییەکان ناتوانرێت بە چاوی ئەمنییەوە ببینرێت و هەموو داواکارییە نەتەوەیی و ئایینییەکانیش نابێت بدرێتە پاڵ پڕۆژەی دەرەکی. وەها رێبازێک نەک هەر یارمەتیی ئاسایش نادات، بەڵکو دەتوانێت بە وردی هەمان ئەو درزە دروست بکات کە گرووپە چەکدارەکان و پشتیوانە دەرەکییەکانیان بەدوایدا دەگەڕێن.
رێگەی رووبەڕووبوونەوەی پڕۆژەی درز، پێش هەر شتێک، رێگریکردنە لە ئەمنییبوونەوەی ناسنامەکان. لە راستییدا، یەکێک لە گرنگترین هێڵەکانی بەرگریی ئێران لە بەرامبەر ئەم جموجۆڵانە، نەک تەنیا پاسەوانی سنوور و هێزی ئەمنییە، بەڵکو متمانەی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە بە وڵات و هەستی هەبوونی پەیوەندیی ئەوانە بە گشتیی ئێرانەوە. هەرچەند ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بێت، گرووپی چەکدار بۆ گۆڕینی کردەوەیەکی سنووردار بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی، دەرفەتی کەمتر دەبێت. ئەم رێبازە لە حکوومەتە جیاوازەکاندا بە پلەی جیاواز گرنگیی پێ دراوە بەڵام لە حکوومەتی چواردەهەمدا بە سپاردنی بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی ناوچە نەتەوەییەکان بە بەڕێوەبەرانی هەمان ناوچە، بە جیددییەتێکی زیاترەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
لەو روانگەیەوە، کاردانەوە بەرامبەر بە تیرۆری کەسانێک وەک «مامۆستا نەزەهەتی» گرنگییەکی سیمبۆلیی تایبەتی پەیدا کردووە. نابێت رێگە بدرێت مامۆستایەکی ئایینیی سوننی کە قوربانیی توندوتیژیی چەکداری بووە، لە گێڕانەوە سیاسی و میدیاییەکاندا بگۆڕێت بۆ سیمبۆلێک بۆ پێکدادانی نەتەوەیی یان ئایینی. پەیامی دروست ئەوەیە کە ئاسایشی ئەو، هاوشێوەی ئاسایشی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی، بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی؛ هەروەک چۆن گیانی هێزێکی سەربازیی بەلووچ یان هاووڵاتییەکی کوردیش هەمان پێگەی هەیە. ئەم روانینە، بەتایبەت لە روانگەی ئاسایشی نیشتمانییەوە واقعبینانەترە. ئاسایشی پایەدار کاتێک دروست دەبێت کە هاووڵاتیی پیرانشار، راسک، زاهیدان یان سەراوان هەست بکات ئاسایشی ئەو پرسێکی نیشتمانییە.
لەو نێوانەدا، بەرپرسیارێتیی نوخبە نەتەوەیی و ئایینییەکان، میدیاکان و جەریانە سیاسییەکانیش کەمتر نییە لە دامەزراوە ئەمنییەکان. لە دۆخێکدا کە هەر وێنە، هەواڵ، ڤیدیۆ یان پروپاگەندەیەک دەتوانێت لە چەند خولەکدا کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس دابنێت، رستەیەکی بێسەروبەر دەتوانێت کاریگەرییەکانی کردەوەیەکی چەکداری چەند بەرامبەر بکات. گرووپی چەکدار رەنگە بتوانێت کەسێک تیرۆر بکات؛ بەڵام ئەمە گێڕانەوەسازییە کە دەتوانێت کۆمەڵگایەک لە بەرامبەر کۆمەڵگایەکی تردا دابنێت.
ئەزموون سەلماندوویەتی کە چاککردنەوەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دوای رووداوە ئەمنییەکان لە ناوچە نەتەوەییەکاندا، خۆی پرسێکی ستراتیژییە. زیان گەیاندن بە یەکگرتوویی خەڵکی ئەم ناوچانە، دەکرێت یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی دوژمن بێت. کەواتە لە دۆخی ئێستادا دەبێت دوو کار بەیەکەوە بکرێت: بە توندی رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و بە زیرەکییشەوە مامەڵە لەگەڵ زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنانی تیرۆر بکرێت. یەکەمیان بەبێ دووەمیان بەس نییە.
لە دۆخێکدا کە وڵات هاوکات لەژێر گوشاری سەربازی و ئابووریدایە، پاراستنی پەیوەندییە نەتەوەیی و ئایینییەکان ئیتر تەنیا چاکەیەکی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەشێکە لە بەرگریی نیشتمانیی ئێران.