جام کوردی - ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.8.2، بە یاوەرى د.عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، هێمن قادر، جێگری پاریزگار، شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ئێران، عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆی پارێزگا، سەردانى کونسڵخانەى گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەولێر کرد و لەلایەن فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی "ئیمام حوسێن" و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە بۆ هەولێرى پایتەخت كرا، لەوبارەیەشەوە، سەر کونسوڵی گشتی کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر و سەرجەم فەرمانگە و دام ودەزگاكانی سنوورەكە كرد.
لە پەراوێزی دیدارەكەشدا، پارێزگاری هەولێر، پرسە و سەرەخۆشی خۆی و شاندی یاوەری، گەیاندە سەرکونسڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایکی بەڕێزیانەوە و هیوای خواست ئەمە دوا کۆست و ناخۆشی بنەماڵەکەیان بێت.
لای خۆیەوە، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاس و پێزانینی خۆی و کونسڵخانەی دەربڕی بۆ ئەم سەردانەی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری.