جام کوردی - شەڕ، هاوکێشەکانی رووبەڕووبوونەوەی
نێوان ئێران و ئەمریکای خستووەتە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە تێیدا تاران، هاوکات
لەگەڵ ئامادەیی بۆ رووبەڕووبوونەوە لە هەر ئاستێک و بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەک، هەوڵ
دەدات مەرج و رێگەی کۆتاییهێنان بەم ململانێیەش روون بکاتەوە.
«شەڕی رەمەزان» بۆ ئێران تەنیا
چەند هەفتەیەک رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نەبوو، بەڵکو ئەزموونی مانگەکانی رابردوو
هاوکێشەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆندا دروست کردووە؛ هاوکێشەیەک کە
تێیدا هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئامادەیی سەربازی، یاساکانی دانوستان گۆڕاون و گوشاری
ئابووریش بە بەشێک لە مەیدانی رووبەڕووبوونەوە ئەژمار دەکرێت.
قسەکانی شەوی شەممەی «موحسین رەزایی»، ئەمینداری
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە وتووێژ لەگەڵ «ئەلجەزیرە»، وێنەیەکی هەمان گۆڕانی
رووانگە پێشکەش دەکات؛ رووانگەیەک کە پەیامی سەرەکییەکەی ئەوەیە: تاران بۆ شەڕ
ئامادەیە، بەڵام رێگەی کۆتاییهێنان بە شەڕیش دەبینێت. چونکە شەڕ تەنیا کاتێک کۆتایی
نایەت کە دەنگی چەکەکان کپ ببن؛ هەندێک جار کۆتاییهاتنی شەڕێک، دەستپێکی دیاریکردنەوەی
ئەو یاسایانەیە کە بڕیارە رێگری لە شەڕی داهاتوو بکەن. ئەوەی لە هەڵوێستەکانی ئەم
دواییەی موحسین رەزایی دەبینرێت، زیاتر لەوەی دووبارەکردنەوەی هاوکێشە سەربازییەکان
بێت، هەوڵێکە بۆ کێشانی هەمان یاسا نوێیەکان؛ یاسایەک کە لە مەیدانی سەربازییەوە
تا سەر مێزی دانوستان و لە کەنداوی فارسەوە تا پەیوەندییە ئابوورییەکانی ناوچەکە
درێژ دەبێتەوە.
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
لە لایەکەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران بۆ شەڕێکی چارەنووسساز ئامادەیە و لە لایەکی
دیکەشەوە مەرجەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان روون دەکاتەوە. ئەو دەڵێت
ئەم مەرجانە لە رێگەی ناوبژیوانێکی قەتەرییەوە گەیەنراونەتە واشنتۆن و ئێران چاوەڕوانی
وەڵامی ئەمریکایە. کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان
و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، تەوەری سەرەکیی ئەم مەرجانەن.
ئەزموونی شەڕ، بنەمای گۆڕانی ستراتیژی
رەزایی لەم رێگەیەدا، دەرچوونی ئەمریکا لە
رێککەوتنی بەرجام بە خاڵی وەرچەرخان دەزانێت. بە وتەی ئەو، تاران دوای ئەم رووداوە
گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت ستراتیژیی خۆی بەرامبەر بە واشنتۆن بگۆڕێت. ئەم گۆڕانە
تەنیا سنووردار نەبوو بە مەیدانی سەربازییەوە و رەزایی باسی لە گۆڕان لە سێ بواری
شەڕ، دانوستان و رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆی ئابووریدا کرد.
ئەم رووانگەیە نیشانی دەدات تاران چیتر
رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا بە کێشەیەکی یەک رەهەندی نابینێت. لە وەها تێگەیشتنێکدا،
هێرشی سەربازی، گەمارۆی دەریایی، گوشاری دارایی، سزاکان و دانوستان، پارچەی یەک پازڵن
و وەڵامی ئێرانیش دەبێت لەگەڵ ئەم فرەچینبوونی مەیدانەکە گونجاو بێت.
هەر بۆیە لە قسەکانی رەزاییدا، هاوکات لەگەڵ
باسی مووشەک و بەرگری، باسی داراییە بلۆککراوەکان، بازرگانیی ناوچەیی، هاتوچۆی کەشتییەکان
و تەنانەت پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمریکاش دەکرێت. لە راستییدا پەیامەکە
ئەوەیە کە ئەگەر مەیدانی رووبەڕووبوونەوە فراوان بووە، ئامرازەکانی وەڵامدانەوەش
ناتوانن تەنیا سەربازی بن.
رەزایی بە ئاشکرایی باسی کردووە کە ئەگەر شەڕ
جارێکی دیکە دەست پێ بکاتەوە، وەڵامی ئێران توندتر لە پێشوو دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا،
شەڕی پێشوو بۆ تاران ئەزموونێکە کە بڕیارە لە داڕشتنی وەڵامی داهاتوودا کەڵکی لێ وەربگیرێت.
ئەو ئەڵقەیەی کە ئێران نایەوێت فەرامۆشی
بکات
هاوکێشە نوێیەکە تەنیا لە نێوان تاران و
واشنتۆندا دیاری نەکراوە. یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی رەزایی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە
کراوە؛ ئەو وڵاتانەی کە میوانداریی بنکە و هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. لە روانگەی ئەو،
ئەگەر فڕۆکەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی وڵاتێکی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار
بێن، ئەو بنکەیە چیتر دامەزراوەی وڵاتی میواندار نییە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە مەیدانی
شەڕ.
رەزایی جەختی کردووەتەوە کە ئێران لە شەڕی
پێشوودا شارە عەرەبییەکان یان ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە دەوڵەتانی عەرەبی نەکردووەتە
ئامانج، بەڵکو ئەو بنکانەی کردووەتە ئامانج کە شوێنی فڕینی فڕۆکە هێرشبەرەکان
بوون. ئەو هاوکات هۆشداری داوە لە ئەگەری روودانی هەڕەشەی نوێ، ئەم بنکانە بە توندیی
زیاتر دەکرێنە ئامانج. ئەمە یەکێکە لە پەیامە راستەوخۆکانی تاران بۆ وڵاتانی ناوچەکە؛
پەیامێک کە تێیدا ئاسایشی ناوچەیی لە ئاسایشی هێزە بیانییەکان جیا دەکرێتەوە.
کەنداوی فارس؛ ئاسایشی ناوخۆیی ناوچەکە
لەوێوە، باسی رەزایی دەربارەی داهاتووی
ناوچەکە شێوازێکی دیکە وەردەگرێت. ئەو لە جیاتی ئەوەی ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان
بە زامنی ئاسایشی کەنداو بزانێت، باسی پێویستیی دروستبوونی رێکخستنی ئاسایشی و
ئابووری لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
رەزایی باسی هاوکاریی ئابووری، وەبەرهێنانی
هاوبەش، بازاڕی هاوبەش و تەنانەت جووڵە بەرەو میکانیزمی دراوی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی
ناوچەکەی کردووە. ئەم پێشنیارە لە روانگەی رەزاییدا تەنیا بیرۆکەیەکی ئابووری نییە،
بەڵکو بەشێکە لە ئەندازیاریی ئاسایشی کە ئێران خوازیارییەتی. هەرچەند وابەستەیی وڵاتانی
ناوچەکە بە یەکتر زیاتر بێت، تێچووی هاتنی یاریزانە بیانییەکان بۆ ناو هاوکێشەکانی
ناوچەکە زیاتر دەبێت.
دانوستان خاڵی دەستپێک نییە
لە رووانگەی رەزاییدا، ئێران چیتر ئامادە نییە
دانوستان لەسەر بنەمای بەڵێنە سیاسییەکانی لایەنی بەرامبەر پێش ببات. ئەزموونی دەرچوونی
ئەمریکا لە رێککەوتنی پێشوو وای کردووە تاران یاسای نوێی «کردار پاشان دانوستان» دیاری
بکات. رەزایی دەڵێت ئەمریکا دەبێت سەرەتا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات و پاشان
گفتوگۆ ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، رەزایی باسی ئەگەری
پێداچوونەوە بە ئەندامێتیی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کردووە، بەڵام هاوکات جەختی کردووەتەوە کە
تا ئێستا بڕیارێک بۆ دەرچوون لە
NPT نەدراوە.
ئەو هەروەها وتی هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە دکتۆرینی ئەتۆمی نەگۆڕاوە، بەڵام
داهاتووی ئەم بابەتەی بە رەفتاری ئەمریکا بەستەوە.
کۆتاییهێنان بە شەڕ؛ نەک لە رێگەی خۆبەدەستەوەدان،
بەڵکو لە رێگەی رێککەوتن
ئەوەی لە کۆی قسەکانی ئەمینداری ئەنجوومەنی
باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەردەکەوێت، ئەوەیە کە تاران خۆی لەو خاڵەدا نابینێت کە
ناچار بێت یەکێکیان لە نێوان شەڕ و دانوستاندا هەڵبژێرێت. رەزایی هاوکات باسی
ئامادەیی سەربازی، پەرەپێدانی توانای بەرگری، وەڵامی متقابلی ئابووری و ئامادەیی بۆ
شەڕێکی نوێ دەکات و لە هەمان وتووێژدا مەرجە دیاریکراوەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ
و گەڕانەوە بۆ رێگەی دانوستان ئاشکرا دەکات.
ئەمە ئەو وێنەیەیە کە قسەکانی ئەم دواییەی
ئەو لە چاوپێکەوتنێکی سەربازیی ئاسایی جیا دەکاتەوە. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە
ئێران لە ئەگەری هێرشدا چی دەکات؛ بابەتەکە ئەوەیە کە تاران دەیەوێت یاساکانی یارییەکە
دوای ئەزموونی شەڕ بگۆڕێت. لەم گێڕانەوەیەدا، ئێران چیتر نایەوێت دانوستان بەبێ
زامنی کرداری بەڕێوە ببات، گوشاری ئابووری بەبێ وەڵام قبووڵ بکات یان ئامادەبوونی
سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە بە گۆڕاوێکی جیا لە ئاسایشی خۆی ببینێت.
بە کورتی، پەیامی تاران دەکرێت لە یەک رستەدا
کورت بکرێتەوە: ئێران شەڕ هەڵنابژێرێت، بەڵام ئەگەر شەڕ سەپێنرا، خۆی بۆ وەڵامدانەوە
ئامادە دەبینێت و ئەگەر بڕیار بێت شەڕ کۆتایی بێت، ئەم کۆتاییهاتنە لە روانگەی
تارانەوە دەبێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و زامنی دیاریکراودا بێت.