ئاژانسی هەواڵی «کیۆدۆ»ی ژاپۆنی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بڵاوی کردەوە، تاران پێشنیاری کردووە ئەگەر ئەمریکا هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی گوشارە سەربازییەکان بنێت، گەرووی هورمز لە ماوەی حەوت ڕۆژدا دەکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم میدیا ژاپۆنییە، ئەم پێشنیارە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە واشنتن گەیەندراوە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیش بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە دوژمنایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هەر بەپێی ئەم سەرچاوەیە، تاران بە نیازی ئەوەیە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ راوێژ و وتووێژ لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، بەکاربهێنێت.
ئەگەری ڕێککەوتن هەیە، بەڵام دیداری پزیشکیان و ترەمپ نا
ئەم سەرچاوە ئێرانییە هەرچەندە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان «مەسعوود پزیشکیان» سەرۆککۆماری ئێران و «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆکی ئەمریکای لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا ڕەتکردەوە، بەڵام باسی لەوە کرد کە هێشتا دەرفەتی هەنگاونان بەرەو ڕێککەوتن لە ئارادایە.
ئەو بەرپرسە وتی: «ئەگەری چوون بەرەو ڕێککەوتن هەیە»، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن بۆ پێشڤەچوونی دیپلۆماسی دەبێت «جددییەت و پێبەندی»ی خۆی نیشان بدات.
ئەگەر گەمارۆ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران بوەستێت، گەرووی هورمز لە ماوەی هەفتەیەکدا دەکرێتەوە
ئەو سەرچاوەیە بە کیۆدۆی ڕاگەیاندووە کە تاران چاوەڕوانی ئاماژەیەکە لەلایەن واشنتنەوە، کە دەریبخات ئەمریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەنگاو بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەربازی لەسەر بەندەرەکانی ئێران و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پەیوەست بە گەرووی هورمز. بە وتەی ئەو، ئەگەر هەنگاوی لەو شێوەیە بنرێت، ئێران ئامادە دەبێت لە ماوەی حەوت ڕۆژدا ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
هاوکات، بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی «العربیة»، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی لە لێدوانێکدا بۆ «ڕۆیتەرز» پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەگەر هەنگاوی بەرچاو لەلایەن ئەمریکاوە بنرێت، تاران پێشوازی لە بووژاندنەوەی ڕەوتی دیپلۆماسی دەکات. ئەم بەرپرسە هەروەها دووپاتی کردەوە کە شاندی ئێرانی لە نیویۆرک «دەسەڵاتی تەواو»ی هەیە و مەرجەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەکرێت لە نیویۆرک و لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە تاوتوێ بکرێن.